هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 47 چەتەی #داعش# کوژراون و 300 هاوڵاتیی مەدەنیش ڕزگار کراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی -قەسەدە، شەوی ڕابردوو ئاماری شەڕی 24 کاتژمێری ڕابردووی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیری ڕاگەیاند، کە لە چوارچێوەی شەڕی نەهێشتنی تێرۆردا لە سنووری دێرەزۆر بەڕێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزەکانمان هێرشی بەرفرەوانیان کردە سەر بنکە و خاڵەکانی تیرۆریستان، لە ئەنجامدا شەڕی سەخت هاتە ئاراوە و چەندین کاتژمێر بەردەوام بوو. ژمارەیەک تێرۆریست کوژران و چەندانی دیکەش بریندار بوون.
باس لەوەش کراوە: فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناوچە سەختەکان و هێڵەکانی تێرۆریستانیان کردنە ئامانج و زۆر بنکەیان ڕووخاند، #شەڕڤان#انی ئێمە پێشڕەوییان کرد و خاڵی نوێیان دامەزراند، هاوکات تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین کە سەر بە هێزەکانی ئێمەن، دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچەکە کرد لە مینی تێرۆریستان.
قەسەدە ئەوەش دەڵێت: هەروەها هێزەکانمان 300 سیڤیلیان ڕزگار کرد، کە چەتەکانی داعش وەک قەڵغان بۆ خۆیان بەکاریان دەهێنان، ئه و هاوڵاتییانە گواسترانەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کرا.
ئامارەکانی قەسەدە بەم شێوەیەن:
- 47 تێرۆریست کوژران.
- فڕۆکەکانی هاوپەیمانان 47 هێرشیان ئەنجام دا.
- 37 بنکە و خەندەقێک وێران کران، 2 ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تێکشکێنران، 6 ڕێگە کە تێرۆریستان بەکاریان دەهێنان داخران، 3 شوێنی تۆپی هاوەن و 3 کارگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو خاپوور کران.[1]
#18-01-2019#