بەپێی ئامارێک لە کۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ ژن کوژراون و دووانی دیکەش خۆیان کوشتووە، بە ئاشکرابوونی ئاماری ئەو مانگە، ڕوون دەبێتەوە، لە ساڵی 2018-دا 48 حاڵەتی کوشتن، 73 خۆکوشتن، تۆمارکراون.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە تایبەت ڕەوەند سابیر، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانی وەرگرتووە، تەنیا لەمانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ ژن کوژراون و دووانی دیکەش خۆیان کوشتووە.
بەگوێرەی ئامارەکە، هەر سێ کوژراوەکە لەسنووری پارێزگای #سلێمانی#-دابوون و ئەوانەی خۆیان کوشتووە یەکێک لە سنووری #دهۆک# و ئەوەی دیکەشیان لە سنووری ئیدارەی #گەرمیان# بووە.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەو مانگەدا یەک حاڵەتی دەستدرێژیی جنسیی هەبووە و لە گەرمیان تۆمارکراوە، 12 حاڵەتی 'سوتان'یش تۆمارکراوە، کە لە #هەولێر# دووحاڵەت، لە دهۆک دووحاڵەت و لە سلێمانی 8 حاڵەت هەبووە، هەروەها، دوو حاڵەتی خۆسوتان لە دهۆک و دوو حاڵەتی دیکەی خۆسوتان لە گەرمیان تۆمارکراون.
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا-ش، بەپێی ئامارەکە لەو مانگەدا 465 سکاڵا تۆمارکراوە، کە لە هەولێر 41، دهۆک 135، سلێمانی 167، گەرمیان 57، ڕاپەڕین 50، #سۆران# 15 سکاڵا بوون.
ڕەوەند سابیر، پێیوایە، کە زیادبوونی ژمارەی تۆمارکردنی سکاڵا ئەرێنییە، چونکە وەک ئەو دەڵێتئەوە نیشانی دەدات ژنان لەڕێگای سکاڵاکانەوە دەیانەوێت مافی خۆیان بەدەست بهێنن، نەک پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.
پێشتر بەڕێوبەرایەتییەکە، ئاماری توندوتیژییەکانی 11 مانگی سەر ژنانی بڵاوکردەوە، کە بریتیبوو لە: 45 حاڵەتی کوشتن، 71 حاڵەتی خۆکوشتن، 133حاڵەتی سوتان، 105 حاڵەتی خۆسوتان، هەشت هەزار و 956 سکاڵا و 138 حاڵەتی دەستدرێژیی جنسیی.
ئەگەر ئاماری کۆتا مانگ بۆ ئاماری 11 مانگەکەی دیکە زیاد بکرێت، دەردەکەوێت، لە ساڵی 2018-دا 48 حاڵەتی کوشتن، 73 خۆکوشتن، 145 سوتان، 109 خۆسوتان، 9 هەزار و 421 سکاڵا تۆمارکراوە و 139 حاڵەتی دەستدرێژیی جنسی-ش هەبوون.
هەر لەبارەی ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنانەوە، کە ساڵانە ڕێژەکەیان بەرزتر دەبێتەوە، ڕەمزیە زانا، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جێندەر، نیگەرانیی نیشاندا لە خەمساردیی حکومەت هەرێم لە ئاست ئەو پرسەدا بە ڕۆژنیوزی وت: کارکردن لەسەر پرسی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان نەبووەتە ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی هەرێم.
ڕەمزیە زانا، باسی لەوەش کرد، کە لە هەرێمی کوردستان یاسا هەیە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژیی، بەڵام یاساکان جێبەجێ ناکرێن و تەنیا بۆ ئەوە دانراون حکومەتی هەرێم شانازیی بە بوونیانەوە بکات.
هەرچەندە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لقی هەیە، بەڵام هەبوونی، نەیتوانیوە هۆکارێک بێت بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان.
حاجی عزەدین، ڕاوێژکاری یاسایی لە بەرێوبەرایەتی گشتیی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان، پێیوایە، کە لە ڕابردوودا هۆشیاریی یاسایی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا کەمبووە، بەڵام دوای کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەوان و لقەکانی، هۆشیاریی تا ڕادەیەک زیادیکردووە.
لەو خشتەیەی، کە بەڕێورایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان بۆ جۆرەکانی توندوتیژیی دروستیکردووە و مانگانە بڵاویدەکاتە، دەستەواژەی سوتان هەیە، بەڵام ئاماژە بەوە ناکرێت، کە ئاخۆ بەچی و چۆن سوتاوە، ئایا هاوشێوەی سێوان قادر-ی #چەمچەماڵ# لەلایەن کەسێکەوە نەسوتنیدراوە؟، سەبارەت خۆسوتاندنیش دیار ناکرێت، کە ئایا چی ئەو کەسەی ناچار کردووە خۆی بسوتێنیت.
لەبارەیەوە حاجی عیزەدین، وتی: لە یاسای بەرنگربوونەوە توندوتیژیی خێزانیدا ماددەیەکی تایبەت بە سوتان و خۆسوتان نییە، بەڵام بەپێی یاساکە، هەرکەس هۆکار یان هاندەر بێت، بۆ ئەوەی کەسێک خۆی بکوژێت بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەوا بە حەوت ساڵ زیندانیی سزا دەدرێت.[1]
#18-01-2019#