بەپێی ئاماری #وەزارەتی بازرگانی# لە هەرێمی کوردستان، بازرگانان ساڵانە بایی زیاتر لە 1.4 ملیار دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانیان هاوردەی هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی ئامارەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان دراوەتە (رووداو)، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بایی 4 ملیار و 398 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار مۆبایل و پێویستیەکانی هاوردەی عێراق کراون کە 99%ی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بووە.
داتاکان دەریدەخەن ساڵانە هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە بازاڕی مۆبایلدا هەیە. ساڵی 2015 بازرگانان بایی ملیارێک و 279 ملیۆن و 852 هەزار دۆلار مۆبایل و پێویستیەکانیان هاوردە کردووە، بەڵام لە ساڵی 2016 هاوردەکردن بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنیا بایی 693 ملیۆن دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانی هاوردە کراوە.
ساڵی 2017 ساڵی زێڕینی فرۆشتنی مۆبایل و پێویستییەکانی بووە، لەو ساڵەدا کۆمپانیاکان بایی 3 ملیار و 117 ملیۆن و 500 دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانیان هاوردە کردووە، کە 85%ی بە قاچاخ چووەتە ئێران و تورکیا و سووریا.
سامان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای جیبال بۆ بازرگانیی هاوردەکردنی مۆبایل کە یەکێکە لە بریکارەکانی کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری دەڵێت: عێراق بازاڕێکی پڕفرۆشە بۆ مۆبایل. بەپێی بەدواداچوونی کۆمپانیای سامسونگ قەبارەی بازاڕی عێراق بۆ فرۆشی مۆبایل ساڵانە دەگاتە 1.2 تاوەکو 1.5 ملیار دۆلار.
سامان نەقشبەندی هەروەها دەڵێت: فرۆشی بەرهەمەکانی کۆمپانیای سامسونگ بە هەموو مۆدێلەکانی نزیکەی 50%ی ئەو بڕە پێکدەهێنێت کە ساڵانە کۆمپانیاکان هاوردەی عێراقی دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە بایی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بەرهەمەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ لە عێراق فرۆشراون.
بازرگانان لە47 وڵاتەوە مۆبایل هاوردە دەکەن، بەڵام زۆرترینی لە ئیمارات، چین، ئەمەریکا، ڤێتنام، سوید و کۆریای باشوورەوە بووە. لە ساڵی 2017 بازرگانان بایی 2 ملیار و 952 هەزار دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانیان لە ئیماراتەوە هاوردە کردووە، هەروەها لە چین و هۆنکۆنگەوە بایی 46 ملیۆن دۆلار، لە ئەمەریکا بایی 34 ملیۆن و 693 هەزار دۆلار، لە ڤێتنام بایی 25 ملیۆن دۆلار، لە سوید بایی 23 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، لە کۆریا بایی 10 ملیۆن 607 هەزار دۆلار مۆبایل هاوردە کراوە.
سامان نەقشبەندی دەڵێت بەهۆی ئەو باجە کەمەی هەرێمی کوردستان وەریدەگرێ، هاوشێوەی دوبەی بووەتە ناوەندێک بۆ هەناردەکردنی مۆبایل بۆ وڵاتانی دەوروبەری، بۆیە بەگوێرەی خواستی بازاڕ ساڵانە نزیکەی 50%ی ئەو مۆبایلانەی هاوردەی هەرێمی دەکرێن، جارێکی دیکە هەناردەی وڵاتانی ئێران و تورکیا و سووریا و هەندێجار ئەفغانستان دەکرێن.
مۆبایل بە دوو ڕێگە هاوردە دەکرێ، یەکەم: فەرمی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە کە گومرگ و باج و تێچووی گواستنەوە بۆ هەر مۆبایلێکی زیرەک نزیکەی 3.5 دۆلارە. دووەم: لە ڕێگەی بەسراش بەشێوەی قاچاخ و شاردنەوەی لەناو کاڵای دیکە کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەیهێنن، جگە لە تێچووی گواستنەوە هیچ گومرگ و باجێک نادەن، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق بەگوێرەی نرخی مۆبایل باج و گومرگ وەردەگرێت کە 30% نرخەکەیە.
بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی کە دراوەتە (رووداو)، جگە لە 12 کۆمپانیا کە بوونەتە بریکاری مارکە بەناوبانگەکان، نزیکەی 5000 پێشەنگا و دوکانی مۆبایل و 100 کۆمپانیای بازرگانی بچووک و مامناوەند لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.
هەرمان حوسێن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆزفۆن بۆ بازرگانی گشتی و هاوردەکردنی مۆبایل، دەڵێت زۆربەی مارکەکانی مۆبایل، زیاتر لە بریکارێکیان هەیە، ئەوەش کێبڕکێیەکی توندی دروستکردووە. بۆیە ئێستا وەک جاران فرۆشتنی مۆبایل قازانجی نەماوە، ئەمەش وایکردووە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی پێشتر ڕاستەوخۆ لە دوبەی مۆبایلیان دەهێنا، ئێستا مۆبایل لە بریکارە گەورەکانی ناوخۆ بکڕنەوە.
سەبارەت بە هەناردەکردنی مۆبایل بە قاچاخ بۆ ئێران و تورکیا و سووریا، هەرمان حوسێن دەڵێت: هەندێ کۆمپانیای خۆمان گرێبەستیان لەگەڵ بازرگانانی ئێران و تورکیا و سووریادا هەیە، مۆبایل لە دوبەی دەکڕن و هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن و بەڕێگەی نافەرمی بەپشتی ئەسپ و ڕێگەی جیاوازی دیکە مۆبایل هەناردەی ئەو سێ وڵاتە دەکەن.
گوتیشی :بەشێوەیەکی گشتی نیوەی ئەو مۆبایلانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، جارێکی دیکە هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر دەکرێنەوە و نزیکەی 35%ی دەچێتە عێراق و ئەوەی دیکەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت.
کۆمپانیای ئەپڵ کە بە ڕکابەری کۆمپانیای سامسۆنگ دادەنرێ، بریکاری فرۆشتنی نەداوەتە هیچ کۆمپانیایەک و تەنیا بریکاری چاککردنەوەی ئامێرەکانی لە کوردستان هەیە.
حازم موسا ئەلیاس، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە گروپی وەتەنی بۆ بازرگانی مۆبایل و پێویستییەکانی، کە بریکاری مارکەکانی سامسونگ و هواوی و نۆکیان لە عێراق دەڵێت :بەهۆی بەرزیی کواڵیتی و تایبەتمەندیەکانی مۆبایلی هواوی، ئێستا فرۆشی نزیک بووەتەوە لە فرۆشی مۆبایلی سامسۆنگ، بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپلیش فرۆشی باشە، بەڵام مۆبایلی نۆکیا فرۆشی وەک ئەوان بەهێز نییە.
مۆبایلە دەگمەنەکە بازاڕی نەماوە
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 200 جۆر مۆبایل هەن، نرخەکانیشیان بە گوێرەی جۆر و تایبەتمەندییەکانیانە، بۆ نموونە نرخی مۆبایلی نۆکیا لە 14 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 30 دۆلار، کۆمپانیای سامسۆنگ 30 جۆر مۆبایلی هەیە کە نرخیان لە 75 دۆلار بۆ 622 دۆلارە، نرخی مۆبایلەکانی هواوی لە نێوان 65 تا 840 دۆلارە، دوایین بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵیش کە ئایفۆن ئێکس ئێس ماکسە، باشترینیان نرخەکەی 1315 دۆلارە.
بەرزترین نرخی مۆبایل لە کوردستان جۆرێکە پێیدەڵێن (Vertu) کە نرخەکەی بە گوێرەی تایبەتمەندییەکەی لە 5 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 100 هەزار دۆلار.
هەرمان حوسێن دەڵێت: ئەو جۆرە مۆبایلە لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی، بازاڕی باش بوو، هەفتانە 2 تا 3 مۆبایلمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بازاڕی لاواز بووە و کۆمپانیاکان لەسەر خواست دەیهێنن. مۆبایلەکە بەرهەمی کۆمپانیای نۆکیایە و زۆرتر بەگوێرەی خواستی داواکار دروست دەکرێ.
هەرمان گوتی: بە سەتان دانەم لەو مۆبایلە بە 20 هەزار دۆلار فرۆشتووە، چەند دانەیەکیشم بە 60 هەزار دۆلار فرۆشت، لە هەندێک شوێن بە 100 هەزار دۆلار فرۆشراوە، بەڵام ئێستا بەراورد بە پێشتر کەمتر دەفرۆشرێت، تاک تاک خەڵک داوای دەکات و کۆمپانیاکان بۆیان دەهێنن.[1]
#18-01-2019#