سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#-باکور ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی ئەوەدەکەن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەنگی کورد لەسەر حسابی دەنگی ئاکەپە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە هەڵکشان بکات و دەشڵێت :پێشبینی دەکەین 120 شارەوانی تورکیا بەدەستبهێنین.
#سەرتاج بوچاک#، سەرۆکی پارتی لە باکور بە دواڕۆژ-ی ڕاگەیاند: کورد دەتوانێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا نزیکەی 120 شارەوانی بەدەستبهێنێت، ئەوەش زیاتر لەسەر حسابی دەنگەکانی ئاکەپە دەبێت، چونکە پێشتر ئاکەپە لەسەر حیسابی پڕۆسەی ئاشتی زۆر دەنگی کوردی برد بۆ خۆی.
وتیشی :بەپێی سیستەمی نوێی سەرۆکایەتی لە تورکیا، پەرلەمانی ئه و وڵاتە هیچ بەها و گرنگیەکی نەماوە، بۆیە کورد دەتوانێت قورسایی دەنگەکانی خۆی له هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا نیشانبدات، زۆربەی شارەوانیەکانی باکور بەدەستبهێنێت.
بۆ جاری یەکەمە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، کە بڕیارە 31ی ئازاری 2019 ئەنجامبدرێت، هەشت پارتی کوردی باکوری کوردستان بە یەک هاوپەیمانی بەشداری دەکەن.
سەبارەت هاوپەیمانی پارتەکەیان لەگەڵ 7 پارتی دیکەی کورد کە #هەدەپە# یەکێکیانە، بوچاک ئەوەشی خستەڕوو :هەموو کورد تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستان-یش پێشوازیان لە هاوپەیمانی ئێمە کردووە، بۆیە ئێمەش چاوەڕوانی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر دەکەین.
دەربارەی دەنگی کورد لەشارە گەورەکانی تورکیا ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد :زۆربەی کوردەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە ئەمجارە دەنگ بە هاوپەیمانی مەهەپە و ئاکەپە نادەن، بەڵکو دەنگ بە هاوپەیمانی 8 پارتە کوردییەکە دەدەن، یان لەوانە هەندێکیان دەنگ بە جەهەپە بدەن.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 102 شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی درووستبوونی شەڕ لە شارەکانی #ئامەد# و جزیرە و چەند شارێکی دیکەی باکوری کوردستان حکومەت چەندین شاروانی لە کورد وەگرتەوە و دایە دەستی پارێزگارەکان.
پێداچونەوە: ئاهەنگ حسێن[1]
#19-01-2019#