ساڵی 1923 نوێنەری تورکیا لە ڕێککەوتنی لۆزان کە ویستیان ڕێککەوتننامە (پەیماننامە) لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپادا واژۆ بکەن، ڕووبەڕووی بەرهەڵستی نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بوونەتەوە، نوێنەرانی ئەوروپا ڕازی نەبوون ڕێککەوتننامەکە واژۆ بکەن وتیان لەخۆرهەڵاتی تورکیا کورد و خاکی کورد هەیە، ئەگەر ئێمە ڕێککەوتننامەکە واژۆ بکەین کوردەکان چیان بەسەردێت؟
وەفدەکەی تورکیا لەوەڵامدا وتیان: تورکیا بەتەنیا دەوڵەتی تورکەکان نییە، بەڵکوو تورکیا بۆ کورد و تورکە ئەم دوو گەلە بڕیاریانداوە پێکەوە بژین، بەڵام ئەوکات نوێنەرانی ئەوروپا بەم قسانەی وەفدی تورکیا باوەڕیان نەکرد.
سەرۆکی وەفدی تورکیا لەو ڕێککەونە (عیسمەت پاشا) هاواری بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک برد و وتی: ئەگەر فریا نەکەویت دەوڵەتی کوردی درووست بووە، دەبێت کارێکی وا بکەیت بۆ ئەوروپییەکان بیسەلمێنێت کە کورد و تورک پێکەوە دەژین بۆ ئەوەی پەیماننامەی (سییڤەر) هەڵبوەشێنینەوە.
مستەفا کەمال ئەتاتورک بانگی کوردێکی شاری دەرسیمی کرد ناوی (حەسەن خەیری) بوو، داوای لێکرد ڕۆژی دوایی بەرگی کوردی بپۆشێت و لەگەڵی بچێت بۆ پەڕڵەمان بۆ ئەوەی پیشانی ڕۆژنامەنووسان و وەفدی وڵاتانی دیکە بدات کە حکومەتی تورکیا کورد و بەرگی نەتەوەیی و زمان و کەلتووری کوردانی پەسەند کردووە.
ژنەکەی حەسەن خەیری زۆر لێی دەپاڕێتەوە کە ئەو کارە نەکات و خیانەت لە گەلی کورد نەکات بەڵام حەسەن خەیری بەگوێی ناکات.
چەند جارێک (حەسەن خەیری) بەجلی کوردییەوە دەچوو بۆ پەڕڵەمانی تورکیا و هاواری دەکرد کە کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە، پاشان ئەتاتورک داوای لێکرد تەلەگرافێکی لەو جۆرە ڕەوانەی (لۆزان) بکات، حەسەن خەیری بەگوێی کرد و بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دایە دەست هەموو نوێنەرانی ڕێککەوتنی (لۆزان) بۆیە ئەوانیش ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد و دەوڵەتی کوردی درووست نەبو.
پاش ماوەیەکی کەم بە فەرمانی ئەتاتۆرک (حەسەن خەیری) دەستگیرکراو ڕەوانەی دادگای ئیستیقلال کرا، لە دادگا (خەیری) بەجوداخوازی و لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەڕڵەمان تاوانبار کرا، هەرچەند حەسەن خەیری وتی: من ئەو کارەم بۆ ڕێگریکردن لە سەربەخۆیی کورد کرد و تەلەگرافم نارد بۆ لۆزان و ڕێککەوتنی (سییڤەر) م هەڵوەشاندەوە، دادگاش لەوەڵامدا وتی: دەزانین ڕێگریت کرد لە سەربەخۆیی کورد بەڵام لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەڕڵەمانی تورکیا پێشێلکردنی دەستوورە، دادگا حوکمی لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر حەسەن خەیری دا.
سەرەنجام لێیان پرسی دوا خواستت چییە؟ حەسەن خەیری هاواری کرد و وتی: لەشوێنێکدا بەخاکم بسپێرن (قەبرەکەم) لەسەر ڕێگای کوردەکان بێت بۆ ئەوەی هەر کوردێک قەبرەکەم ببینێت و تف بارانم بکات.