#وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی هێشتا نەک نەبووە بە سەرچاوەی داهات بۆ وڵات، بگرە خەرجیی خۆی لە داهاتەکانی زیاترە و جگە لە داهاتی خۆی، حکومەت ساڵانە 16 ملیار دیناریشی بۆ دابین دەکات.
بەپێی ئامارێک کە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دراوەتە (رووداو)، داهاتی ساڵی ڕابردووی ئەم وەزارەتە نزیکەی 31 ملیار و 780 ملیۆن دینار بووە، بەڵام خەرجییەکانی 38 ملیار دینار بووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم وەزارەتە مۆڵەتی دامەزراندنی بە زیاتر لە 3000 کارگە داوە و ساڵانەش هەرێمی کوردستان بایی 16 تا 17 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ 21 وڵاتدا هەیە.
داهاتەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە دوو بەش پێکدێن، بەشێکیان بە داهاتی نامەرکەزی ناودەبرێن و بریتین لە ڕەسمی دامەزراندن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارگە و کۆمپانیاکان. ڕەسمی پشکنینی کاڵا، ڕەسمی پێدانی مۆڵەتی هاوردن و هەناردنی کاڵا، ڕەسمی نوێکردنەوەی هێما و پێناسی بازرگانی و چەندین ڕەسم و کرێی دیکە، ئەم داهاتانە دەچنەوە خەزێنەی حکومەت.
داهاتە مەرکەزییەکانیش بریتین لە فرۆشتنی کەپەک، ڕەسمی پشکنینی ئارد و خۆراک، ڕەسمی نوێکردنەوە و گۆڕینی شوێنی پسولەی خۆراک و پارەی بەشە خۆراکی مانگانە. ئەو داهاتانە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، بەڵام چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێم ناینێرێت بۆ بەغدا.
د.عەبدولڕەزاق ناوەندی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: داهاتی ساڵی ڕابردووی وەزارەتی بازرگانی نزیکەی 31 ملیار و 780 ملیۆن دینار بوو کە 18 ملیار دیناری داهاتی نامەرکەزی بوو، داهاتی مەرکەزیش دەچێتەوە بەغدا، تەنیا داهاتی کەپەک نەبێت کە ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دینارە و لە ساڵی 2016 وە بەهۆی دابیننەکردنی خەرجی گواستنەوەی گەنم بۆ کۆگا و ئاشەکان و دابەشکردنی ئارد و خۆراک، پارەکەمان بۆ بەغدا نەناردووە، بەڵام هێشتا وەزارەتەکەمان نەگەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی و ساڵانە حکومەت 16 تاوەکو 17 ملیار دینار زیاتر لەو داهاتەی هەمانە بۆ خەرجییەکانمان دابین دەکات.
ئەوەی وایکردووە خەرجی وەزارەتێکی بەرهەمهێنی وەکو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە داهاتی زیاتر بێت، بەبڕوای د.عەبدولڕەزاق بۆ زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانیان دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 3850 فەرمانبەریان هەیە، بەشێکیان دوای هەڵوەشانەوەی کارگەکان بێکارن و تەنیا مووچە وەردەگرن.
جگە لەوەش هەندێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتەکە سەر بە بەغدان و داهاتەکەیان بۆ بەغدا دەڕوات، ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکان بەشێک لە داهاتەکان دەبات، چونکە ئەوان ناوی بازرگانی دەبەخشن و داهاتەکە وەردەگرن، بەشێک لە داهاتی چاودێری بازرگانی بۆ پارێزگاکان دەڕوات. د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: ئەگەر سەرجەم ئەو داهاتانەمان بۆ بگەڕێتەوە، لەگەڵ هەندێ چاکسازی لە وەرگرتنی ڕەسم، نزیک دەبینەوە لە ئاستی خۆبژێوی.
ساڵی 2016 ئەنجوومەنی وەزیران زۆربەی ئەو ڕەسمانەی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی و پشەسازی وەردەگیران، زیاد کرد. ئامانج لەوە زیادکردنی داهات بوو، بەڵام بارەکە لەم وەزارەتە پێچەوانە بووەوە.
د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: گەورەترین هەڵە کە حکومەت کردی، زیادکردنی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان بوو لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، چونکە بەو هۆیەوە ژمارەی مامەڵەکان 60% کەمی کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتمان.
ئەگەرچی زیاتر لە 3000 کارگە لە کوردستان هەن، بەڵام بەرهەمەکانیان ناتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی بیانی بکات، بۆیە لە کاتی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆریان داخران.
د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاسەنگی کارگەکان و بەگەڕخستنەوەیان زیاتر لە 130 جۆر کاڵامان خستووەتە لیستی پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی، لەهەوڵداین قۆناغ بەقۆناغ باج لەسەر هاوردەی کاڵا زیاد بکەین.
بەپێی ڕێنماییەکانی #وەزارەتی دارایی# و ئابووری 10%ی داهاتی ڕەسمەکانی وەزارەت، بۆ هاندانی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت. هەروەها 15%ی کرێی پشکنین بۆ کارمەندانی پشکنین تەرخان دەکرێ، بەشەکەی دیکەشی دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت.
زۆرترین سەرچاوەی داهاتی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی بریتییە لە وەرگرتنی ڕەسمی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 13 ملیار دینار بووە، دوای ئەو ڕەسمی مۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان دێت کە نزیکەی 4 ملیار دینار بووە، هەروەها ساڵانە 4 ملیار دینار داهاتیان لە وەرگرتنی باج و بەکرێدانی کارگەی چیمەتۆ دەستدەکەوێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، دەڵێت: ناڕوونی فەلسەفەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هۆکاری کەمیی داهاتی وەزارەتەکەمان، چونکە بەپێی لێکدانەوەی ئابووریناسان فەلەسەفەی ئابووریی هەرێمی کوردستان خۆڵەمێشییە، واتە نە سۆسیالیستییە و نە سەرمایەداری، ئەمەش کاردانەوەی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی هەبووە، بۆ نمونە هەرێمی کوردستان بانگەشەی بازاڕی ئازاد دەکات، بەڵام تا ئێستا کار بە هەندێ یاسای ڕژێمی پێشوو دەکرێت کە بۆ سیستمی سۆسیالیستی داڕێژراون.
بەهۆی ئەوەی ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بودجەی لە عێراقەوە بۆ دەهات و بودجەکەش زیاتر پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست، بۆیە زۆر گرنگی بە وەرگرتنی باج و ڕەسمەکان نەدەدرا، بەڵام دوای دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، حکومەت باج و ڕەسمی زۆربەی سێکتەرەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد.
نەوزاد ئەدهەم، دەڵێت :رەسمەکان یان وەرنەدەگیران یان ئەوەندە کەمبوون نەدەتوانرا بۆ زیادکردنی داهات پشتی پێ ببەسترێ، بۆ نموونە ئێمە پێشتر بۆ پێدانی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە هیچ ڕەسمێکی خزمەتگوزاریمان وەرنەدەگرت، ئێستا بۆ مۆڵەتی هاوردەکردنی 3000 کارتۆن یان هاوردەکردنی 1000 تۆن کاڵا یان 300 ملیۆن ڕەسید بۆ هاوردە، 105 هەزار دینار وەردەگرین، ئەم داهاتەش کەمە، بەڵام باشترە لەوەی کە هیچ وەرنەگیرێت، ئێستا خەریکین قۆناغ بە قۆناغ هاوردەکردنی زۆربەی کاڵاکان دەخەینە لیستی وەرگرتنی ڕەسم، بۆ نموونە دەرمان ئێستا خستوومانەتە لیستی ئەو کاڵایانەی کە پێویستیان بە مۆڵەتە.
رێباز نورەدین عەزیز، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستا لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانکۆی سەلاحەددین، دەڵێت: ئەوەی وایکردووە داهاتی ئەم وەزارەتە لە خەرجییەکانی کەمتر بێت، نەبوونی ستراتیژییەکی درێژخایەن و ناڕوونیی پلانی ئەم وەزارەتەیە، ڕەنگبێ بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هەر چوار ساڵ جارێک لەگەڵ ڕاگەیاندنی کابینەی حکومەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ستراتیژی ئەم وەزارەتە، هەیکەلی کارگێڕییەکەی جارێَک دەکرێت بە دوو وەزارەت و جارێکی دیکە بە یەک وەزارەت، کەواتە دەتوانین بڵێین ناجێگریی هەیکەلی ئەم وەزارەتە بووەتە هۆی ئەوەی پلان و ستراتیژی کارکردنیشی ناجێگیر بێت، ئەمەش بێگومان ڕەنگدانەوەی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتەکانی دەبێت.[1]
#22-01-2019#