دواڕۆژ، محەمەد عەلی
شەوی 23 لەسەر 24ی کانونی دووەمی 2019، پەرلەمانی عێراق لە دانيشتنی خۆيدا پرۆژەياسای بودجەی گشتی فيدراڵی عێراقی بۆ ساڵی دارايی 2019ی پەسەندکرد، مادەی (10)ی ئه و ياسايە زۆرينەی شايستەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی لەخۆگرتووە.
غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسيۆنی گۆڕان بە دوارۆژی ڕاگەياند: لە مادەی (10)ی بودجەی گشتی عێراق، شايستە داراييەکانی هەرێمی کوردستان دياريکراوە، بە مووچەی فەرمانبەرانيشەوە.
وتيشی: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مسۆگەرکراوە له و مادەيەی ياسای بودجەدا کە دەنگی لەسەردراوە، بەشێوەيەک ئەگەر حکومەتی هەرێميش پابەندی ياساکە نەبێت، ئەوا وەزارەتی دارايی فيدراڵی مووچەی فەرمانبەران دەدات و پابەندی دەبێت.
ماددەی 10ی بودجەی گشتی فيدراڵی عێراق لەدوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە، بڕگەی يەکەم، تەسویەکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2004 تاکو ساڵی 2018ی نێوان حکومەتی فيدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵييەوە، بە هەژمارکردنی بەشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی خەرجی ڕاستەقینەی ساڵانی پێشوو کە لە حساباتی کۆتاییدا هاتووە، هەروەها دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی موسادەقەی لەسەر کردوە.
بڕگەی دووەمی مادەی (10)ی ياسای بودجەی گشتی ساڵی دارايی 2019 چوار خاڵە:
(ا) حکومەتی هەرێم پابەنددەکات ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆ-وە هەناردەبکات، داهاتی ئه و نەوتەش بچێتە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵييەوە.
(ب) ڕێژەیەک لە پارەی تەرخانکراو بۆ هێزی وشکانی سوپای عێراق بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخاندەکرێت، بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی ئەم هێزانە بەوپێیەی بەشێکن لە پەیکەری ئاسایشی عێراق.
(ج) ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو ڕۆژانە بڕی 250 هەزار برمیل نەوت ڕادەستی کومپانیای سۆمۆ بکات، حکومەتی فیدراڵی بەردەوامدەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە.
(د) حکومەتی فیدراڵی و پارێزگاکانی هەرێم لەکاتی زیادبوونی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت کە لە مادەی (یەکەم -ب) لە یاسای بودجەی گشتی فيدراڵيدا هاتووە، پابەنددەبن بە ناردنی ئەو زیادەیە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت.
پرۆژەياسای بودجەی گشتی عێراق، لە (87) ماددە پێکهاتووە، دوای ئەوەی بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لايەنەکانی ناو پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پارێزگاکانی عێراقەوە، چەندين دانيشتنی پەرلەمانی بۆ دواخرا، شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بە دەنگ و ئامادەبوونی 287 پەرلەمانتار پەسەنديکرد.[1]
#24-01-2019#