بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەو گۆڕانکاریانەی لەبواری بەرهمهێنانی کارەبا کردوویانە لە مانگی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبای دیکە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت و بەو جۆرەش بەرمهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی 3500مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هەنگاو بە هەنگاو بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکاندا لە گازوائیلەوە بۆ غازی سرووشتی بگۆڕدرێت، ئەو گۆڕانکاریانە دەبێتە هۆی زیاتربوونی بەرهەمی کارەبا بەجۆرێک لە مانگی داهاتوودا نزیکەی 500مێگاوات کارەبای دیکە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت، ئەو کاتەش بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 3500مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مانگی حەوتی ئەمساڵیش نزیکەی 300 مێگاوات کارەبای دیکە بۆ سیستەمی کارەبای کوردستان زیاد دەبێت بەو جۆرەش هەر لەم ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 3800مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
وەزارەتی کارەبا 1ملیۆن و 600هەزار هاوبەشی هەیە. ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3000 مێگاواتە و خواستیش بەپێی وەرزەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەرزترین خواستیش لە وەرزە زۆر سارد و گەرمەکاندا دەبێت، ئێستا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ زیاتر لە 6000مێگاوات بەرزبووەتەوە و بەشێوەیەکی گشتیش 10کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە خەڵکی.[1]
#28-01-2019#