نووسینی: دارۆ ئەزیز
د. دڵشاد مستەفا پێشەکی بۆ نوسیوە
سکرینپلەی کتێبێکی گرنگ و بایەخدار
“سکرینپلەی ” کە دارۆ عەزیز نوسیوێتی و د. دلشاد مستەفا پێشەکی یاخود دەستپێکێکی بەپێزی بۆ نوسیوە0 کتێبێکی گرنگ و دانسقەیە دەربارەی نوسینی سیناریۆ بەرێگەی زانستی.
سکرینپلەی بەقەبارە بچوک و بەناوەرۆک گەورەیە، هەوڵێکی زۆر بایەخدارە نەک هەر بۆ خوێندکارانی بەشی فیلمسازی بەڵکو بۆ هەرکەسێک کە بخوازێت لە هونەری نوسینی (سکرینپلەی – سیناریۆ) تێبگات یاخود بخوازێت نوسەرێکی ئەکادیمی و زانستی ئەو بوارە بێت، دەستخۆشی بۆ کاک دارۆ عەزیز و هاوکات دەستخۆشی لە بەرێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی، کە ئەرکی لە چاپدانیان وەستۆگرتووەو د0دلشاد مستەفاش کە بە پێداچونەوەو دەستپێکێکی بایەخدار کتێبەکەی دەوڵەمەند کردووە.
کاتێک بەدیقەتەوە ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، توشی سەرسوڕمان دەبێت کە چۆن هەتا ئێستا کورد دەستی بۆ کاری فیلمسازی بە تایبەتیش (ئەکشن)، چۆن بوێری ئەوەی هەبووە بەبێ ئەو باگگراوەندە زانستیە خۆی لەقەرەی ئەودنیا ئاڵۆزەبدات !؟ بەتایبەتیش سیناریۆ -سکرینپلەی- کە یەکەمین بنچینەی فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیونییە.
دارۆ، هێندە بەپەرۆشییەوە دەستی داوەتە نوسینی کتێبەکەی بە ڕونی ئامانجەکەی دیارە، کە دەخوازێت فیلمی کوردیش بە ڕێگا زانستیەکەی خۆیدا بڕوات، نە بە لۆژیکی (هەر بەباکەو بەنێوکەوەو بدەکەندەڵانێ). هیچ نەنگیەکی تێدا نیە، کاتێک بەربابەتێک دەکەوین بەردەممان ڕۆشن دەکاتەوە، ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوەو لە خۆمان بپرسین باشە مادام ئەم ڕێگەو ڕۆشناییە هەیە چیمان لە تاریکی داوە ؟ مادام چرایەک هەیە بەرچاومان ڕوناک دەکاتەوە ئیدی چ پێویست دەکات هەر بەرێگا کۆنەکەدا بڕۆینەوە، مادام کتێبێک لە چاپ دەرچووە ئیدی بۆ سوپاسگوزارنەبین کە بۆمان دەبێتە ئەو چرایەی لە نوسینی سکرینپلەی – سیناریۆدا بەردەممان ڕۆشن دەکاتەوەو دەستمان دەگرێت لە ئایدیاوە هەتا فۆرمات.
لە دەستپکدا دارۆ پێماندەڵێت : بنوسە و مەترسە بەڵام فۆکەس بخەرە سەر (ئامانج، مەبەست، ململانێ و بەرەنگاری) کە ئەم چوار وشەیە پایەکانی ئایدیاو بیرۆکەکەت پێکدەهێنێت و دڵنیابە دەبیتە خاوەنی بیرۆکەیەکی زۆر سەرنج ڕاکیش ئەم دەربرینە لەروکەشدا وەک ئامۆژگاری دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک ڕۆدەچێت و هەنگاوەکانی نوسینی سکریننپلەی دادەرێژێ و بەوردی پایەکانی نوسەرێکی باش (ئەکادیمی)مان بۆ دادەمەزرێنێ، ئامانجەکە دەردەکەوێ کە نوسەر هێندە پەرۆشی پەیدابونی نوسەری باشە هێندە مەبەستی نیە ناوی بچێتە سەر کتێبێک وبەس، بۆیە هەتا ئەو پەڕی سادەیی دەڕوات بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکەی.
یەکێکە لە گرفتەکانی وڵاتانی خۆرئاوا نەبوونی چیرۆک وئایدیایە، ئەوان بە تەکنیک ئەم گرفتەیان چارەسەر کردووە، بەپێچەوانەشەوە یەکێک لەخەوش وگرفتەکانی فیلمسازی ئێمە ئەوەیە وڵات لێوانە لە چیرۆک و ئەم فەرامۆشی کردووەو بەدوای تەکنییکدا وێڵەو دەرەقتیشی نایەت، دارۆ زۆر جوان دەستنیشانی ئەم گرفتەی کردووەو نوسیوێتی (ئەگەر سکرینپلەی –سیناریۆی باش هەبوو، تەنانەت ئەگەر فیلمەکە بەکوالیتی زۆر باشیش بەرهەم نەهاتبێ بەڵام لەبەرئەوەی چیرۆکەکە توانیوێتی کاریگەری بەهێز لەسەر بینەر دروست بکات ئەوا فیلمەکە هەر دەبێتە جێگەی سەرسامی بینەران) واتا ئەگەر بنچینەی فیلمەکە باش بوو، کە کۆی بەرهەمەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت (هەر لە ڕێنوێن –دەرهێنانەوە – هەتا بە نواندن و وێنەگرتن و مۆنتاژ) دەگات چەندە بەهێزیش بن ناتوانن چیرۆکێکی باش پێشکەش بە بینەر بکەن، واتا ئەگەر فیلمێک چیرۆکێکی لاوازو بێ ململانێ و بێ بەرەنگاری هەبوو بەباشترین تەکنیک و باشترین کەرەسەکانی بەرهەمهێنانی فیلمیش دروست بکرێت نابێتە جێگەی سەرنج وسەرسامی بینەرو هیچی لەلا بەجێناهێڵێت.
وەنەبێ نوسەر تەنها بەدەستنیشان کردنی چیرۆکێکی بەهێز دەستبەرداری خوێنەر بووبێت نەخێر ئەو ڕێنوێنیشمان دەکات چۆن ئایدیایەک یان چیرۆکێکی باش دەکەین بە سکرینپلەی، ئەو ڕێگایانە چین کە سیناریۆ- سکرینپلەیەکی باش و زانستی پێ دەنوسرێن00 سترکچەر- بونیاد چیرۆکەکەت بۆ ڕێکدەخات واتا بینای درامی چیرۆکەکەت بەشێوەیەکی زانستی بۆ دروست دەکات، لەگەڵ تەکنیکی نوسین کە لێرەشدا قسەی گیرفانی دەرنەهێناوە بەڵکو وەک د0 دلشاد ئاماژەی پێداوە دارۆ خۆی خوێندکاری ئەم بوارەیە لە زانکۆو خوێندنگە جیاوازەکانی بەریتانیاو بەردەوام گەڕاوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ئەزمونی جۆراوجۆر” پوختەی ئەم ئەزمون وماندوبوونەی خۆشی بەو پەڕی سنگفراوانیەوە لەم کتێبەدا بڵاوکردووەتەوە.
نوسەر پشتی بەچەند سیناریۆنوسێکی بەناوبانگی جیهان بەستووە لەوانە (سید فیلد و لیندا ئەرسۆن و ولیەم سمیسرست) کەهەریەکەیان نوسەری بەناوبانگی سکرینپەلی –سیناریۆن و هەریەکەیان خەڵکی وڵاتێک و خاوەن چەندین کتێبن وەنەبێ هەرسێکیان لەیەک بواری سکرینپلەی شارەزابن ڕاستە هەرسێکیان لەسەر سکرینپلەی دەدوێن بەڵام ولیەم سمیسرست نوسەرێکی بەناوبانگە لە بواری سیناریۆنسیندا بۆ تەلەفزیون.
وێرای دەستخۆشیم لە کاک دارۆی ماندوو نەناس هیوادارم خوێندکارانی بەشی فیلمسازیش بە بایەخەوە لەم هەوڵە بەهادارە بڕوانن، چونکە گومان هەڵنەگرە کە بەسود دەبێت بۆیان و وەک کتێبەکەی سید فێلد دەبێتە بنەمایەکی باشی کارکردنیان.
عومەر محەمەد [1]