شەهیدان شورای پۆڵاینی پاراستنی گەل و نیشتمانن.
لە یادی چوار ساڵەی شەهیدبوونی شێرکۆ شوانی و حسێن مەنسورو پۆلێک فەرماندەو تێکۆشەری گەلەکەمان، کە گیانی خۆیان کردە فیدای پارێزگاریکردن لە ئازادی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی #کەرکووک#ی قودسی کوردستان، بە ناوی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان سڵاوی ڕێزو وەفا بۆ ڕۆحی بەرزە فڕی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانە دەنێرین، کە لە ڕۆژانی سەختی شەڕی داسەپاوی تیرۆرستانی #داعش#، گیان و جەستەیان کردە قەڵغان بۆ بەرگری لەخەڵکی شارە خۆشەویستەکەمان کەرکووک، بە تەواوی پێکهاتە جیاوازییەکانییەوە.
گومان لەوەدانییە ئەگەر ئیرادەی پۆڵاینی هێزی پێشمەرگەو کۆی هێزەئەمنییەکان و پشتیوانی خەڵکە دڵسۆزەکەی کەرکووک نەبوایە، چارەنووسی خەڵک و شارەکەمان هەمان چارەنووسی ئەو شارانەدەبوو کە ئێستاشی لەگەڵ بێت هێشتا ژیانی بۆ نەگەڕاوەتەوە.
مەڵبەندی کەرکووک لە ماوەی شەڕی داسەپاوی (داعش) دا، بێگومان بە هاوکاری خەڵکی دڵسۆزی شارەکەمان، ڕۆڵ و پێگەیەکی هەرەکاریگەرو گرنگی هەبو لە ئیدارەدانی جەبهەکانی شەڕو پاراستنی ئەمنیەتی ناو شارو پڕۆسەی سەنگەر سازی و هاوکاری بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە.
بەڵام مایەی ئەو پەڕی نیگەرانییە، کە دوای ڕژانی خوێنێکی زۆرو لە دەستدانی چەندین فەرماندەو تێکۆشەری قارەمان لەسەنگەرەکانی بەرگری، هاوکات شەونخونی و ڕەنجی زۆری سەرکردەو خەمخۆرانی کەرکووک، دواجار بەهۆی نەشارەزایی لە کایەی سیاسی و عینادی هەندێک سەرکردەو لایەنی سیاسی و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەهۆی کۆتایی شەڕی داعش هاتنە پێش، سەرەنجام کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان ڕووبەڕوی ئەم دۆخە نەخوازراوە کرایەوە.
جارێکی ترو لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدانی شەوی هەینی 30ی کانونی دووەمی 2015 و ڕۆژانی دوایی و تەواوی شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش، سڵاوی ڕێزو وەفا بۆ گیانی ئەو تێکۆشەرانە دەنێرین و بەڵێنی بەردەوام بوون لەسەر ڕێبازەکەیان دووپات دەکەینەوە.
سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهیدان
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووک
#29-01-2019#