ئەمڕۆ و سبەی 30و 31 ی 1-2019 چوار ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هەردوو فەرماندە (شێرکۆ فاتیح شوانی) و (حسێن مەنسور) و پۆلێک لە هاوسەنگەرانیان تێدەپەڕێت، کە بە خوێنی گەشیان پیلانی نەگریسی #داعش# و هاوکارەکانیان لە گۆڕناو، نەیانهێشت #کەرکووک# و پێکهاتەکانی وەک #موسڵ# و سەڵاحەدین و ئەنبار داگیر بکرێ و، بکەوێتە دەست ئەو تاقمە هەمەجییە و، خەڵکەکەی ڕەشە کوژ بکرێ!
لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی شەڕی تاقمی تیرۆریستی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی جوامێری کەرکووک، گەورەترین نەبەردییان تۆمار کرد و ڕێگەیان نەدا تاقم و گروپە تیرۆرستییەکان، بە مەرامە گڵاوەکانی خۆیان بگەن و خاک و نیشتمانەکەمان داگیر بکەن و خەڵکەکەشی وەک کەنیزەک و جارییە لە بازاڕی جەهلدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێ!.
بێگومان؛ سەروەری و شانازیی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی کە بەسەر تاقمی تیرۆریستی داعشدا بەدەستهاتوون، لە پێشدا بۆ شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانییانە، لە ناو شەهیدانیشدا بۆ فەرماندە جوامێرەکانی وەک (لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی) و (حسێن مەنسور) و هاوڕێکانیانە کە بە ئازایەتیی و قارەمانێتی خۆیان، بوونە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی تێکشکاندنی داعش لە پێناو پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک!.
مەخابن! شەوی 29لەسەر 30ی 1ی 2015 (لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی) لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرانی و، ڕۆژێک داتریش31-1-2015 (لیوا حسێن مەنسور) لە کاتی بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان و پێکهاتەکانی کەرکووک، لە شەڕێکی دەستەو یەخەی زۆر سەختدا لەگەڵ تاقمی تیرۆرستی داعش، کە پێلانێکی مەترسیداری بەرنامە بۆ داڕێژراویان بۆ داگیرکردنی کەرکووک دانابوو، گەیشتنە کاروانی نەمران و، بوونە قەڵغانی پاراستنی کەرکووک و دانیشتوانە ڕەسەنەکەی!.
سڵاو.. لە شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی..!
هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..!
ئاسۆ مامەند
ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک)
#30-01-2019#