بەکارهێنانی سمارت فۆن بۆ گەیشتن بە هەواڵ و پەخشی کەناڵەکان، هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر تیڤی بە تەواوی دەرنەکەوتووە، ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن ئامێری تەلەفزیۆن هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، دواتر بەشێکیان بە قاچاخ هەناردەی ئێران و سووریا دەکرێنەوە.
ئەگەرچی #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی خاوەنی هیچ ئامارێک نییە لەبارەی ژمارەی ئەو تەلەفزیۆنانەی ساڵانە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، چونکە ئەوان لە مۆڵەتەکانیان ناچنە ناو وردەکاریی کاڵا ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام بە گوتەی بازرگانان، ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک و 750 هەزار ئامێری تەلەفزیۆن هاوردە دەکرێن، بەشێکی لەناو عێراق ساغ دەبێتەوە و بەشەکەی دیکەشی بە نافەرمی هەناردەی ئێران و سووریا دەکرێ.
بەیار محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە گروپی کۆمپانیاکانی وەتەنی بۆ بازرگانی گشتی، کە گروپەکەی یەکێک لە سێ بریکارە سەرەکییەکەی کۆمپانیای سامسونگی کۆرییە بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، دەڵێت: عێراق یەکێک لە بازاڕە پڕفرۆشەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەگشتی و ئامێری تەلەفزیۆن بەتایبەتی، بەپێی بەدواداچوون قەبارەی بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ساغبوونەوەی ئامێری تەلەفزیۆن لەباری ئاساییدا ساڵانە لە نێوان ملیۆنێک و 500 تاوەکو ملیۆنێک و 750 هەزار تەلەفزیۆندایە بە هەموو مارکەکانی.
بەگوتەی بەیار، بەرهەمەکانی سامسونگ بە یەکێک لە پڕ فرۆشترین مارکەکانی تەلەفزیۆن لە عێراق دادەنرێت، فرۆشی ساڵانەی بەرهەمەکانی بە هەموو قەبارە و مۆدێلەکانی تەلەفزیۆن لە نێوان 500 تاوەکو 700 هەزار تەلەفزیۆندایە، ئەم ژمارەیەش نزیکەی 40%ی کۆی ئەو تەلەفزیۆنانەیە کە ساڵانە لە عێراق دەفرۆشرێن بەڵام کۆمپانیای سامسۆنگ خواستی ئەوەی هەیە فرۆشی ساڵانەی لە عێراق بۆ ملیۆنێک تەلەفزیۆن بەرز بکاتەوە. بەیار وادەڵێت.
ئەو تەلەفزیۆنانەی هاوردە دەکرێن نرخیان بەگوێرەی قەبارە و تایبەتمەندییەکانیان دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی قەبارەکانیان لە 32 ئینج دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 82 ئینج، نرخەکانیشیان لە 142 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 5500 دۆلار.
بەیار محەممەد ئەمین دەڵێت: لە هەموو قەبارەکان فرۆشمان هەیە، بەڵام زۆرترین فرۆشمان لە شەش قەبارەدایە (40، 43، 49، 50، 55 و 60) ئینجی، نزیکەی 70%ی فرۆشمان لە پارێزگاکانی عێراقە.
بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی کە دراوەتە (رووداو) لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 جۆر تەلەفزیۆن هەن، بەڵام ئەو تەلەفزیۆنانەی مارکەی جیهانین ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەر ناکات، ئەوانی دیکە زۆربەیان کۆپی مارکەکانن هەر کۆمپانیا و بازرگانێک دوای زیادکردنی چەند پیتێک مارکەیەکی بۆ خۆی دروستکردووە دەیفرۆشێت، بۆ نموونە مارکەی جەنەراڵی ژاپۆنی زیاتر لە 15 کۆپی لە بازاڕ هەیە، یەکێک لە کۆپییەکان جەنەراڵ RK77 ە.
رزگار قاسم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای جەنەراڵ RK77 دەڵێت :سەرەتا ئێمە و زۆربەی بازرگانەکانی دیکە، مارکەی جەنەراڵی ژاپۆنیمان بەهەمانشێوەی خۆی لە چین کۆپی دەکرد یان پیتێکی ناوەکەمان دەگۆڕی، دواتر بەهۆی سکاڵای کۆمپانیای جەنەراڵ ئەو جۆرەیان قەدەغە کرا، ئێمە لەڕێگەی پارێزەرێک توانیمان مارکەی جەنەراڵ RK77 لە چین بەناوی خۆمان تۆمار بکەین، ئێستا بێجگە لە کۆمپانیاکەی ئێمە، کارگەکانی چین ناتوانن بەو ناوە تەلەفزیۆن بۆ هیچ بازرگانێک و کۆمپانیایەک دروست بکەن، بووەتە مارکەیەکی تایبەت بە خۆمان.
رزگار قاسم ساڵانە 10 هەزار تەلەفزیۆن دەفرۆشێت و بۆ پارێزگاری لە فرۆش و ناوی مارکەکەشی، ئێستا بەکواڵیتی باش بەرهەمەکانی دروست دەکات و هاوشێوەی مارکە بە ناوبانگەکانیش دڵنیایی چاککردنەوەی ساڵێک دەداتە کڕیارەکانی.
ڕزگار قاسم دەڵێت :بۆ پارێزگاری لەناوی مارکەکەمان هیچ کات ئامادەنین بە کواڵێتی خراپ تەلەفزیۆنەکان دروست بکەین، بۆیە تارادەیەک توانیومانە پارێزگاری لەفرۆشمان بکەین و ساڵانە نزیکەی 5 هەزار تەلەفزیۆنی قەبارە 32 ئینج دەفرۆشین و نزیکەی 5 هەزاریش لە قەبارەی 43، 50، 55 ئینجی دەفرۆشین، زۆرترین فرۆشمان لە هەرێمی کورستانە 40%ە، نزیکەی 25%ی ئامێرەکان بۆ سووریا دەنێرین و 10%ی بۆ ئێران و ئەوەی دیکەش لەعێراق دەفرۆشرێت.
رزگار نەیشاردەوە مارکەی جەنەراڵی یابانی لە کوردستان لەژێر هەڕەشەی لەدەستدانی متمانە دایە و دەڵێت خەڵکانێک لە بازاڕ هەن تەنیا بۆ قازانج بە کوالێتی زۆر خراپ تەلەفزیۆن بەناوی جەنەرال دروست دەکەن، هەندێکیان شاشەی پێوانەی 40 دەبەستن و کەمێک چێوەکەی گەورە دەکەن و بە 43 دەیفرۆشن، زۆربەیان لەسەری دەنووسنfull Hd یان 4k کەچی وا نییە، چەندی فێڵی دیکەش دەکرێت، هەموو ئەمانەش وایکردووە ڕۆژ بەرۆژ متمانەی خەڵک بە مارکەی جەنەراڵ لاواز بێت. گوتیشی ئێستا کێبڕکێ بازرگان لەسەر بەرزکردنەوەی کواڵێتی بەرهەمەکان نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کێ زۆرترین دەفرۆشێ.
جگە لە مارکەی جیهانی و کۆپیکراوەکان، هەندێ کۆمپانیا هەن مارکەی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن، بۆیە هەندێکیان جگە لە چین و عێراق و هەرێمی کوردستان لە هیچ وڵاتێکی دیکەنین، مارکەی سۆنێک یەکێکە لەو جۆرە مارکانە.
عەبدوڵڵا ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆنیک، بۆ بازرگانی گشتی و هاوردەکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی کە کۆمپانیاکەی ماوەی 12 ساڵە بریکاری مارکەی سۆنێکی چینییە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەڵێت :مارکەکەی ئێمە کۆپیکراو نییە، ئەو کارگەیەی تەلەفزیۆنی مارکەی سۆنیک بۆ ئێمە دروست دەکات، بەهەمان کوالێتی بۆ وڵاتانی ئەوروپی بەناوی دیکە دروستی دەکات، لەخودی چین و ئیمارات مارکەکەی ئێمە هەیە، بۆیە مارکەی ئێمە لەرووی کوالێتییەوە بەراود ناکرێت بە مارکە کۆپیکراوەکانی دیکەی بازاڕ.
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش# فرۆشی تەلەفزیۆن زۆر کەم بووە، خەڵکیش بەهۆی کەمدەرامەتی زیاتر ڕوویان لە مارکە هەرزان و کۆپیکراوەکان کرد، ئەمەش وایکرد ژمارەیەک کۆمپانیا بریکاریان لەهەرێمی کوردستان بکشێننەوە بەتایبەت مارکە تورکییەکان، چونکە فرۆشیان زۆر دابەزی و لەرووی نرخیش کێبرکێ کۆپکراوەکانی چینیان پێنەدەکرا.
عەبدوڵڵا ڕەسوڵ، دەڵێت :زیاتر لە حەوت کۆمپانیای بە ناوبانگ و کە پێشتر فرۆشیان لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق لەلوتکەدا بوو، بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، فرۆشیان زۆر کەمی کرد، بۆیە ناچاربوون بریکاریان لە هەرێمی کوردستان بکشێننەوە، ئێستا تەلەفزیۆنی کۆپیکراوی چینی ئەوەندە لەبازاڕ زۆر بووە و نرخی دابەزیوە، کاریگەری لەسەر فرۆشی مارکە ناسراوەکانیش هەبووە.[1]
#31-01-2019#