ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕاپۆتێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دەستی گەیشتووە بە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆسییە، کە هی ساڵەکانی نێوان 1980 بۆ 2010یە، پشتڕاستی دەکاتەوە، کە ئێران لەو ماوەیەدام واتا لە ماوەی 30 ساڵدا، 860 ڕۆژنامەنووسی زیندانی کردووە یان لە سێدارەی داون.
دوێنی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە ناوەندەکەشی لەوێیە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ژێر ناوی 40 ساڵ درۆی حکومەتی ئیسلامی، پەردەلادان لە دۆسیەیەکی دادوەری ئێران بە ئامادەبوونی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، ئاشکرای کرد کە دەستی گەیشتووە بە هەندێک بەڵگەی دادوەری کە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆسیە لەخۆ دەگرێت.
لەو ڕاپۆرتەدا ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنور جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەشیک لەو دۆسییەیە، هی ساڵەکانی 1980 بۆ 2010یە و لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە تاوتوێ و لێکۆڵینیان لەسەر کراوە، کە هەڵگری زانیاری هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە ژن، منداڵ، پیاو، کەمینە نەتەوەیی و دینی-یەکان، زیندانیانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان-ە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تاوتوێکردنی دۆسیەکان بۆ یەکەمجار دەریدەخات، کە دەزگای دادی ئێران هەوڵیداوە ڕاستییەکان لەسەر دۆخ و تۆمەتی ڕۆژنامەنووسان و زیندانیانی سیاسی، دەستکاری بکات، هەروەها ئەوەش هاتووە کە ئەو دۆسییەیە زانیاری ڕاستی کەسەکان لەوانە؛ ناوی تەواو، مێژووی دەستگیرکردن، تۆمەت و ناوی ئەو دەزگایەی کە هەستاوە بە دەستگیرکردنیان لەخۆ دەگرێت.
ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور پشتڕاستی دەکاتەوە، کە لە لێکدانەوەی وردبینانەی لێکۆڵەرەکان، ناوی 860 ڕۆژنامەنووس کە لە مەودای ساڵەکانی 1980 بۆ 2010 دەستگیرکراون، تۆمار کراوە کە دوایی یان زیندانیکراون یان لە سێدارە دراون، بەڵام لە دۆسییەکان بە پیشەی ڕۆژنامەنووسی ئەو کەسانە ئاماژە نەکراوە، ڕێکخراوەکە هۆکاری ئەم کردەوەیەی ڕژێمی ئێران دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵدەدات بەو ڕێگەیەوە لە ناوەندە ناوخۆ و جیهانییەکان ڕایبگەینێت، کە هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە بوونی نییە، تا بەم شێوەیە ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ فریو بدات.
ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەوکاتەوە دەستی بەو دۆسییەیە گەیشتووە، لەماوەی چەندین مانگدا کاری تاوتوێ و بەراوردی ئامارەکان لە کۆمیتەی چاودێری ئامارەکانی دەزگای داد بە سەرۆکایەتی 'شیرین عبادی' (پارێزەر و مافناسی ئێرانی خاوەنی نۆبڵی ئاشتی) ئەنجام داوە و بڕیار وایە ئەو دۆسییە، کە زانیاریی شاراوە لەخۆ دەگرێت، دوای کاری تەواوکەر بدرێتە ڕێکخراوە جیهانییەکان لەناویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان.
کریسستوف دولوار، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، کە لەم کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە ئامادە بوو، جەختی لەوە کردەوە کە؛ ئەم دۆسییەیە دەریدەخات، کە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم 40 ساڵەدا بە سەرکوتکردنی بێکەموکوڕ و سیستماتیک، سەدان ژن و پیاوی لەسەر باوەڕی یان کاری ڕاگەیاندن بە دیل گرتووە، ڕێکخراوی ئێمە داوا لە میشل باشلە کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، تا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە وەڵامدانەوەی ئەم کردەوانە بکات.
ئەم دۆسییەیە بۆ یەکەمجار جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زیاتر لە 6048 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2010 دەستگیرکراون، هەروەها ئاشکرایکردووە کە لە ماوەی ئەو 30 ساڵەدا لە ناو 61 هەزار و 940 زیندانی سیاسی، 520 کەسیان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تەمەنیان لەژێر 18 ساڵ بووە، ئەم دۆسییەیە هەروەها ناوی قوربانیانی کۆمەڵکوژیە گەورەکەی ساڵی 1991 لەخۆ دەگرێت کە دوای وەرگرتنی ئیفادەیەکی چەند خولەکی بە مەرگ سزا دراون و ڕادەستی (جۆخەکانی مەرگ) بۆ تیرباران کراون، و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان شاردراونەتەوە، ئەوەش هاتووە کە 5760 هاوڵاتی 'بەهایی' تەنیا بەهۆی باوەڕییەوە یان زیندانی کراون یان لە سێدارە دراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی- ئەمنستی ئینترناشنال کە 24ی مانگی ڕابردوو سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە خۆپێشاندانی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، کەمینەکان، ژنان و توێژەکانی دیکە، پشتڕاستیکردووەتەوە، کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار کەس لە ناڕازییان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون، هەر بۆیە ساڵەکەی بە ساڵی شەرم بۆ دەوڵەتی ئێران لە قەڵەم داوە.[1]
#08-02-2019#