هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی سێیەمین فێستیڤاڵی خلیسکانەی سەر بەفر ئەمڕۆ دووەمین دیداری کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە چیای کۆڕەک بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوازری هەرێمی کوردستانیش ئەنجامدانی ئەو دیدارانە بە گرنگ بۆ پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری دەزانێت و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تەنیا لە ماوەی 8 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار هاتوونەتە #هەولێر#.
لەبارەی گرنگی ئەو دیدارە مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوازری هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بە دڵنیاییەوە ئەو دیدارانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ئێمە تێبگەین ئەو کۆمپانیایانەی گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێننە هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیان چییە، هاوکات ڕێنیشاندەربین بۆیان بۆ ئەوەی جیا لە سوود وەرگرتن لە سرووشتی کوردستان گەشتیاری تەندروستی بهێنن.
مەولەوی جەبار دەڵێ: دەمانەوێت لە هەموو کاتێک گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشین، ئێمە چەند ساڵێکە کار لەسەر ئەو لایەنە دەکەین بە هاوکاری بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەت کە هاوکارن بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە گەشتوگوازری زستانە بدەین.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوازری هەرێمی کوردستان دەشڵێ: خۆشبەختانە ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، تەنها لە هەولێری پایتەختیش لە ماوەی 9 ڕۆژی ڕابردوو ئەو ژمارە گەشتیارەی بۆی هاتووە لە هاوینیش ئەو ژمارەی بۆ نەهاتووە، لە 8 ڕۆژی یەکەم زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار تەنها لە دوو بازگەی هەولێرەوە هاتوون، جیا لە دەروازەکان و فڕۆکەخانە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ گەشانەوەی گەشتیاری زستانە.
مەولەوی جەبار، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پلانێکی چڕیان داناوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرز بکەنەوەو دەشڵێ: ئەوەی من دەیبینم بەو پێیەی ئەو گەشتیارانەی لە زستان هاتوون لەسەرەوەی پێشبینییەکانی ئێمە بووە و ڕەنگە ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 4 ملیۆن گەشتیار بەرزببێتەوە.[1]
#10-02-2019#