لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کەس تووشی نەخۆشی #شێرپەنجە# بوون، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە بەرنامەیدایە ئەمساڵ چەندین سەنتەر و نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان بکاتەوه و وتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: چیتر توشبووان پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نابێت.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ساڵی 2018دا لە هەرێم پێنج هەزار و 658 حاڵەتی تووشبووی نوێ بە شێرپەنجە تۆمارکراوە، واتە لەهەر 100 هەزار کەس، 105 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابڕدوو ڕێژەکە زیادیکردووە.
هەر بەپێی ئامارە کەی وەزارەتی تەندروستی، لە ساڵی 2017دا، چوار هەزار و 991 تووشبووی به نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوبوو، واتە لەهەر 100 هەزار کەس، 104 کەس نەخۆشی شێرپەنجهی هەبووە، بەڵام ڕێژەی توشبوان بە شێرپەنجە لە ژناندا زۆرترە وەک لە پیاوان، بەجۆرێک لەهەر 100 هەزار کەس، 104 ژن توشبووی شێرپەنجە بوون، بەڵام بۆ هەمان ڕێژە پیاوان 91یان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و هەردوو جۆری شێرپەنجەی مەمک و سیییەکان لە پێشەوەی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەوە دێت لەکوردستان.
شێرپەنجە چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی مێشک، شێرپەنجەی سییەکان لە مەترسیدارترین جۆرەکانیەتی، بەڵام به وتەی پسپۆڕان دەتواندرێت ڕێگەی لێ بگرێت ئەگەر هاتوو زوو پکشنینی بۆ بکرێت.
لەبارەی جۆر و نیشانەکانی شێرچەنجە، دکتۆر محەمەد سدیق، پسپۆڕی خانەکانی شێرپەنجەیی بە دواڕۆژی وت: شێرپەنجە بەهۆی گەشەی خانەکانەوە بەشێوەی خراپ و نائاسایی بڵاودەبێتەوە، کە خانەکانی چواردەوری تێکدەشکێنێت و لە لەشدا تەشەنەدەکات و زیاتر لە 100 جۆری هەیە، بەڵام باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ئافرەتان شێرپەنجەی مەمک، ملی منداڵدان و کۆڵۆن و سییەکانن، هەروەها لە پاوانیش شێرپەنجەی سییەکان، کۆڵۆن و سورێنچک و ڕێکه و گەدەیە و هەردوو جۆری شێرچەنجەی سییەکان و مەمک لە کوردستان بەربڵاوترینن.
لەبارەی هۆکارەکانی شێرپەنجە لە کوردستان، ئه و پسپۆڕە، ئاماژەی بەوەکرد: زۆر هۆکار هەن بۆ دروستبوون و تەشەنەکردنی شێرپەنجە، بەڵام لە گرنگترین هۆکارەکان؛ برتیین لە پیسبوونی ژینگه و جگەرەکێشانی زۆر و خواردنی ماددە کهولییەکان و قەڵەویی و وەرزشنەکردن.
وتیشی: جگە له و هۆکارانە؛ دوو هۆکاری دیکە هەن بۆ شێرپەنجە، لەوانە: نەخۆشییە ڤایرۆسەکانی وەک HPV و ڤایرۆسی جگەر HBV وHCV کە تووشی جگەر دەبن، لەگەڵ بۆ ماوەیی کە ڕێژەی 5 تاوەکو 10%ی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بۆماوەیین.
بەوتەی پسپۆڕان، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی شێرپەنجە لەهەرێم، پیسپوونی ژینگەیە، لوقمان شێروانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگەی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێم بەهۆی زۆری مۆلیدە و ئۆتۆمبێل و چەند هۆکارێکی دیکە هەن، بەڵام ئێمە هەردوو ئەرکی خۆمان جێبەجێکردووە کە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و چاودێریکردنی ژینگەی هەرێمە.
وتیشی: ئێمە چاودێری کارگه و شوێنەکانی دیکە دەکەین کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و سزای توندی ماددی ئه و کەسانەش دراوە کە بوونەتە هۆکار، ئەوانەی سزاکەش نادەن لە دادگا سکاڵایان لەدژی تۆماردەکەین، بەڵام ئه و کارە تەنیا بە دەستەی ژینگە ناکرێت بەڵکو دەبێت دامودەزگاکانی حکومەت و ڕێکخراوانی مەدەنی پێکەوە کاربکەین بۆ ڕێگری لە پیسبوونی زیاتری ژینگەی هەرێم.
سندوقی کۆمەکی تووشبووانی شێرپەنجە، بە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 پەرلەمانی کوردستان دامەزراوه و بەپێی یاساکە، دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکە دەبێت تەنیا بۆ بواری شێرپەنجە خەرجبکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بڕی 72 ملیار دینار و یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلاری لە سندوقی کۆمەکی تووشبوانی شێرپەنجە خەرجکردووە، لەکاتێکدا ئه و پارەیە لەلایەن خێرخوازان و کۆمەکبەخشان کۆکراوەتەوە.
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی پێشووی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: حکومەت لەجێگەی هاوکاریکردنی تووشبوانی شێرپەنجە، زیانی زۆری پێگەیاندوون و سەرجەم ئه و پارەیەی بردووە کە لە سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە دانرابوو.
وتیشی: لەرێگەی پەرلەمانی کوردستان توانیمان یاداشتێک بۆ داواکاری گشتی هەرێم بەرزبکەینەوه و لەسەر یاداشتەکە داواکاری گشتی هاتۆتەدەنگ و ڕێککاری گرتۆتەبەر بۆ گەڕانەوەی پارەکە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
لەبارەی خەرجکردنی ئه و پارەیە و چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە، دکتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە زۆربەی وڵاتان لەهەر 100 هەزار کەس، 200 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام خۆشبەختانە لەهەرێم ئه و ڕێژەیە زۆر کەمه و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئێستا هاوڵاتیان هۆشیاریان زیاتربووە و زووتر لەسەنتەر و نەخۆشخانەکان چارەسەردەکرێن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەشکرد: لە پارێزگاکانی هەرێم شەش نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە هەیه و هەیە و لەمساڵدا لە #هەولێر# دوو سەنتەری تیشک و دوو ئامێری چارەسەرکردن لەرێگەی تیشکەوە تەواودەبێت، هەروەها لە #دهۆک# و #سلێمانی# ئامێری دیکە بۆ چارەسەرکردن دادەنرێت، جگە لەوەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە نەخۆخشخانەی نانەکەلی لە هەولێر دەکرێتەوە و نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەت لە سلێمانی بۆ تووشبووان دەکرێتەوە.
لەبارەی خەرجکردنی پارەی سندوقی شێرپەنجە، خاڵس قادر وتی: لە سندوقی شێرپەنجە پارە هەیە و هەموو پڕۆژەکان لەپارەی سندوقەکە ئەنجامدراوە، تەنانەت کڕینی دەرمان و گرێبەستەکانیش بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان هەر له و پارەیە بووە، بەڵام ئه و پارەیە بەشێوەی نەقدی نییه و هیچ کاتێکیش پارەکەمان بەدەست وەرنەگرتووە، بەڵکو ئێمە نووسراومان کردووە و لە پارەی سندوقەکە، حکومەت پارەی کۆمپانیاکان و کڕینی دەرمان و لەگەڵ چارەسەری تووشبووان دەدات.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، ڕاشیگەیاند: تائێستا نزیکەی سێ هەزار کەس بۆ چارەیسەرکردنی شێرپەنجە نێردراونەتەوە دەروەی هەرێم بۆ چارەسەرکردن، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی ئه و نەخۆشخانه و سەنتەرانە، لەحاڵەتی زۆر دەگمەن نەبێت، نەخۆش نانێرینە دەرەوە بەڵکو لە هەرێم چارەسەردەکرێن.[1]
#10-02-2019#