دواڕۆژ، سامان قوبادی
ماوەی چەند ساڵێکە گۆڕینی ئایین لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بەشێکیان ئه و هەنگاوە وەک پرسێکی تایبەت بە بیروباوەڕی خۆیان دادەنێن و هەندێکیشان لەپێناو دۆزینەوەی کار و بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەیە لە وڵاتانی دەرەوە، ئه و پرۆسەیە ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا لەدادگاکان ڕێگانادرێت بە کەسێک ناسنامەی خۆی لە ئاینی ئیسلامەوە بگۆڕێت بۆ ئایینەکانی تر بەڵام ئایین گۆڕین بۆ ئیسلام ڕێگەپێدراوە.
رێبوار حەسەن (23 ساڵ) ناوی خوازراوی یەکێک له و کەسانەیە کە لە قۆناغی دووەمی زانکۆوە ئایینی خۆی لە #موسڵ#مانەوە گۆڕیوە بۆ مەسیحی ئەوەش وەک خۆی دەڵێتبەهۆی گۆڕانی بیرکردنەوەیەوە بووە.
رێبوار، کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ڕاستەقینەی ئاشکرا بکرێت، بۆ دواڕۆژ وتی:ماوەی هەشت مانگە چوومەتە سەر ئاینی مەسیحی لەڕێگەی کەنیسەیەکی شاری سلێمانی، بەڵام لە دادگا ڕێگەیان نەدا لە خانەی ناسنامەکەمدا بنووسرێت مەسیحی، جگەلەوە ڕەفتاری چواردەورم بەتەواوی بەرامبەرم گۆڕا، تائێستا ناتوانم بە ئاشکرا بڵێم من بووم بە مەسیحی.
ژمارەی مزگەوت و کەنیسەکان لەهەرێمی کوردستان تادێت ڕوو لەزیادبوونە لەگەڵَ زیادبوونی شوێنکەوتوانیان، ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێم پەنا بۆ گۆڕینی ئایینەکانیان دەبەن لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحی و ئاینزاکانی تر.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروبای ئایینی بە دواڕۆژی وت:لە هەرێم 105 کەنیسەی ڕەسمی هەن و نوێژیان تێدا دەکرێت، هەروەها 50 کەنیسە هەیە وەکو مەزار و شوێنی ئایینی بێ ئەوەی نوێژیان تێدا بکرێت، جگەلەوە پێنج هەزار و 513 مزگەوت هەیە، زیاتر لە 50ی لە حاڵەتی دروستکردندان.
زۆرترین ئاماژەکان بۆ گۆڕینی ئایین لە هەرێمی کوردستان بەئاڕاستەی گۆڕینە لە موسڵمانەوە بۆ مەسیحی.
قەشە ئەیمەن عەزیز مامۆستای ئایینی مەسیحی لە کەنیسەی مار یوسف لە سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت:تەنها لە 2018دا نزیکەی 70 کەس لە ئایینە جیاوازەکانی تر هاتوونەتە کەنیسەکەمان بۆ ئەوەی ببن بە مەسیحی، بەڵام زۆربەیان نەیانتوانیوە، چونکە لە دادگا ڕێگەیان پێنادرێت و پێناسیان بۆ ناگۆڕدرێت، یاسای عێراقی ڕێگە لە گۆڕینی ئایین دەگرێت.
قەشە ئەیمەن وتی:ئایینی مەسیحی سزای ئه و کەسە نادات کە دەچێتە سەر دینێکی تر، بەڵام دەردەکرێت لە دینەکە و ناتوانێت بەشداریی ڕێوڕەسمی ئایینی بکات وەکو ئەندامی کەنیسە.
رێگرییەکان لە ئاشکراکردنی ئایین گۆڕین بۆ هاووڵاتیان زۆرن کە بەشێکیان کۆمەڵایەتین لە ترسی ڕەخنەی کۆمەڵگە و بەشێکیشیان یاسایین و لەنێو داداگاکاندا کێشەیان بۆ دروست دەبێت.
بەپێی بڕگەی یەکی مادەی 26 ی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە 23ی ساڵی 2016 هەموو جۆرە ئایین گۆڕینێک ڕێگەی پێدەدرێت جگە لە گۆڕێنی ئاینی ئیسلام نەبێت کە ڕێگەپێدراو نییە.
هەر کەسێک ئایینی خۆی لە ئیسلامەوە بۆ ئاینێکی تر بگۆڕێت، لە دادگا ڕێکارە یاساییەکانی بۆ جێبەجێ ناکرێت و خانەی ئایینی لە ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناگۆڕدرێت بەبێ ئەوەی هیچ سزایەکی یاسایی بۆ ئه و هەنگاوە دیاریکرابێت.
محەمەد سەعید بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی:لە کارتی نیشتیمانیدا کە لە بری ڕەگەزنامە دەردەکرێت، خانەی ئایین لابراوە.
مەریوان نەقشبەندی دەڵێت:ئایین گۆڕین پەیوەندیی بە لایەنی ڕۆحییەوە نییە، لە هەرێم کرێکاری بوزی و ئەسیوپی و هیندی بووە بە موسڵمان وتویەتی ئەگەر دینەکەم نەگۆڕم ماڵە موسڵمانەکان ڕێگانادەن کاری تێدا بکەم، بەشێکی ئه و کەسانەی دەبنە زەردەشتی و مەسیحی تا ناسنامە یان وەسیقە وەربگرێت دواتر دەڵێت، هەڕەشەم لەسەرە بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی ئەوروپی ڕەگەزنامەی پێبدەن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا کردنەوەی پەرستگای زەردەشتیان و زیادبوونی شوێنکەوتوانیان گۆشیەکی تری ئایین گۆڕین بوو لە هەرێمی کوردستان.
ئاسرەوان قادرۆک لە پەرستگای زەردەشتیان لە سلێمانی، ژمارەی ئه و کەسانەی لانییە کە لەم ساڵانەی دوایدا بوون بە زەردەشتی، بەڵام بۆ دواڕۆژ وتی:کاتێک کەسێک لە زەردەشتییەوە دەچێتە سەر ئاینێکی تر سزا نادرێت، زەردەشتی یەکێکە له و ئایینانەی ئازادیی ڕەهای تێدایە، مرۆڤەکانی ئازادن لە هەر دینێکەوە دێنە ناو زەردەشتی یان بەپێچەوانەوە، هەموو ئایین گۆڕینێک بریتییە لە عەقیدە و بیروباوەڕ، لە زەردەشتیدا ئیمان بەرقەرار نییە، بەڵکو عەقیدە بەرقەرارە، واتە بڕوا دەهێنرێت بە ئایینەکە و ئه و ڕێباز و بیروبۆچوونانەی کە هەیە، ئێمەی زەردەشتی ئیماندار نین و نابین بە بەندەی خودا لەبەرئەوە عەقیدە باڵادەستترینە.[1]
#11-02-2019#