دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت: هیچ ساڵێک لە وەرزی زستان هاتنی ڕێژەی گەشتیار وەک ئەمساڵ بەرزنەبووە، دەشڵێت: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو هەموو ڕۆژێک 10 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەپێی ئه و پلانەی دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێم و عێراق دایڕشتووە هاتنی گەشتیار لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی بۆ هەرێم بەردەوام لە زیادبووندایە.
وتیشی: هیچ وەرزێکی زستان لە هەرێمی کوردستان بۆ هاتنی زۆری ڕێژەی گەشتیار وەک ئەمساڵ نەبووە و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو بەردەوام ڕۆژانە نزیکەی 10 هەزار گەشتیار هاتووەتە پارێزگاکانی هەرێم و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە و لە کاتی بارینی بەفریش سەردانی گەشتیاران زیاتر بۆ ناو بەفر بووە.
بەپێی لێدوانی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ئەگەر ڕۆژانە 10 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبێت، ئەوا لە ماوەی ئه و دوو مانگە 600 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم، ئەوەش دەریدەخات کە ئەمساڵ ڕێژەی هاتنی گەشتیار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
پێش چەند ڕۆژێکیش دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرایکرد بەهۆی پشووی نیوەی ساڵ لە قوتابخانەکانی عێراق 26 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم.[1]
#11-02-2019#