لە دادگاکانی #سلێمانی# سکاڵای خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و یەکلایی ناکرێنەوە، هۆکارەکەش بۆ کەمی دادوەر دەگەڕێتەوە و تەنیا 69 دادوەر لەو پارێزگایە هەن، بەو پێیەش هەر 32 هەزار کەس دادوەرێکی بەردەکەوێت.
#مەریوان# ئەحمەد، هاونیشتمانی دەڵێت: چارەسەری کێشەکانمان زۆر بەزەحمەت دەڕوات، کێشەیەکمان هەیە لە 2006 تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەی هاوار نازانم من تاوانبارم، بەرامبەرەکەم تاوانبارە، ئەی هاوار حکومەت کێشەکانم بۆ چارەسەر بکە.
کەمی دادوەر و بەرزبوونەوەی ژمارەی داوای تۆمارکراو لە دادگاکان، بووەتە خەمی پارێزەرانیش، چونکە دەڵێن زۆر دۆسێ هەیە پێویستی بەوەیە زوو یەکلایی بکرێتەوە، لەپێناو زوو کۆتاییهێنان بەو کێشانەی کە مەترسی هەیە پەلبهاوێت بۆ دەرەوەی دادگاکان.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی لە 2019دا دوو ملیۆن و 221 هەزار و 622 کەسە.
ژمارەی دادوەر و فەرمانبەر لە دادگاکانی پارێزگای سلێمانی:
69 دادوەر
102 لێکۆڵەری دادوەریی
832 فەرمانبەر
مامەڵەی دادگاکانی سلێمانی لە ساڵی 2018 دا
داوای تۆمارکراو 117 هەزار و 70
داوای یەکلابووەوە 82 هەزار و 758
مامەڵەی ئەنجامدراو 33 هەزار و 465
دادوەر عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ماوەی چوار ساڵە نەتوانراوە کەس لە دادگاکان دابمەزرێنرێت، ئەوە بووەتە هۆکاری کەڵەکەبوونی داواکان و دواخستنی داواکان.
جگە لە کەمی دادوەر لە داگاکانی سلێمانی، کەمی فەرمانبەر و نەبوونی باڵەخانەی پێویست ئەو گرفتانەن کە دادگای سلێمانی داوای دەکات کە لەکاتی دامەزراندنی دادوەری پێویستدا دەبێت چارەسەر بکرێن.[1]
#12-02-2019#