دەشتی #شارەزوور# (لە سنووری #هەڵەبجە#) بە یەکێک لە خاکە پڕ بە پیتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت و ڕووبەرەکەی دەگاتە 500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی، بەجۆرێک خاکەکەی بۆ چاندنی هەموو جۆرە بەروبوومێکی کشتوکاڵ سەرکەوتوو بووە و ساڵانە بڕێکی زۆر دانەوێڵە و سەوزە لەم خاکەدا بەرهەم دەهێنرێت.
جۆرەکانی سەوزە بە گشتی و توور بە تایبەتی بەربوومێکی گرنگی جووتیارانی دەشتی شارەزوورە، بە تایبەت لە میانی ئەم ساڵانەی دواییدا جووتیارانی ناوچەکە لە وەرزی زستاندا چەندین جۆر توور بەرهەم دەهێنن و بۆ ساغکردنەوەی ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی دەکەن.
گوندی #تەپەتۆڵەکە# یەکێکە لە گوندەکانی دەشتی شارەزوور و بە بەربوومی توور بەناوبانگە، بەوتەی جووتیارانی گوندەکە ساڵانە 600 تا 700 تۆن توور بەرهەم دەهێنن.
توور بەربوومێکی پاییزە و زستانەیە و لە زستاندا وەرزی چنینەوەی توورە لە هەرێمی کوردستان، ئەنوەر ئەحمەد محەمەدی تەمەن 36 ساڵان جووتیارێکی گوندی تەپەتۆڵەکەیە و لەگەڵ هاوکارەکانی لە بەرەبەیاندا دەچنە سەر زەوییەکەیان و دەست بە هەڵکەندن و چنینەوەی توور دەکەن کە ئەمساڵ بەرهەمیان هێناوە، دواتر لە ئاوی کیانیاوێکی جوانی ناوچەکەدا دەست بە شۆردنەوەی توورەکە و پاککردنەوەی لە قوڕ و پیسی دەکەن پێش ئەوەی ڕەوانەی بازاڕی بکەن.
لەوبارەیەوە ئەنوەر کە جووتیارێکی گوندەکەیە وتی:: دوای ئەوەی بەیانییان زوو دەچینە سەر زەوییەکانمان و دەست بە هەڵکەندن و کۆکردنەوەی توورەکانمان دەکەین، دەیهێنینە ئەم ئاوە پاکە کە ئاوی کانییە و سەرچاوەکەی لە ئاوی زەڵمەوەیە بە جوانی دەیشۆینەوە و پاکی دەکەینەوە، پاشان دەیکەینە عەلاگەی گەورە و ڕەوانەی عەلوەی هەڵەبجە و #سلێمانی# دەکەین.
ئەو جووتیارە وتی: کارەکەمان زەحمەت و هیلاکی زۆری هەیە و بەیانییان زوو لەم سەرمایەی زستاندا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک لەم ئاوەدا دەمێنینەوە و توورەکان بە جوانی دەشۆینەوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمەکەمان پارە بکات ئەوا ئەو زەحمەت و هیلاکییەمان بیر دەچێتەوە.
ئەنوەر کە بۆ خۆی نزیکەی شەش تۆن بەربوومی تووری هەیە لە ئەمساڵدا، باس لەوە دەکات هاوشێوەی هەموو جووتیارانی تر و بەرهەمەکانی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورەیان ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەیە و وتی: ئێمە توورەکە ڕەوانەی عەلوە دەکەین، جاری وا هەیە بۆ یەک کیلۆگرام 250 دینار و هەندێکجار دەگاتە 300 دینار بەپێی جوانی و جۆری توورەکە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود وتی: ساڵانە جووتیارانی دەشتی شارەزوور بڕێکی زۆر تووریان هەیە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئێمە 420 دۆنم زەوی بە توور و 290 دۆنم زەوی بە شێلم چێنراوە، بەڵام نیگەرانی جووتیاران ساغ نەبوونەوەی بەربوومەکانیانە لە بازاڕدا، بۆ ئەو مەبەستەش بە کردنەوەی بازاڕی تایبەت و هاوکاریکردنی جووتیاران هەوڵمانداوە هاوکارییان بکەین و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین.
لە دەشتی شارەزوور چەند جۆرێک توور بەرهەم دەهێنرێت لە جۆری تووری سوور و مۆر و سپی خڕ و درێژ، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا تووری سووری خڕ سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوەو بە زۆری جووتیاران ڕوویان لە چاندنی ئەم جۆرە توورە کردووە.[1]
#12-02-2019#