کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبوژێتەوە، پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمێهنانی نەوت ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل زیادبکات.
کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوام بیری نوێ لێدەدەن، حکومەت بەشێکی زۆر لە قەرزی کۆمپانیاکانی داوەتەوە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجیش بەخێرایی دەستیکردووە بە بەستنەوەی کێڵگەی پێشخابوور بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، هەموو ئەمانە هۆکارن لە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەبڕوای شارەزایانی بواری نەوت، ساڵی 2019 کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە. هەرچەندە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە نزیکەی 600 هەزار بەرمیلەوە بۆ 230 هەزار بەرمیل دابەزی، بەڵام بەهۆی پلانی چڕی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵی و نیوی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی 400 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەهۆی چالاکییەکانی پەیوەست بە لێدانی بیری نەوتی نوێ لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهینانی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیلی دیکە بەرزبێتەوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوامن لە لێدانی بیری نوێ، پێدانی شایستە داراییەکانیانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. لەگەڵ بەردەوامی دانەوەی پارەی کۆمپانیاکان، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بە خێرایی دەستی بە بەستنەوەی کێڵگەی پێشخابوور بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و زیاتریش لەو ڕێژەی نەوتە بەرهەمهێندرا کە پێشتر کەمبووبووەوە.
بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO لەبارەی چالاکییە نەوتییەکانی کۆمپانیاکەی ڕایگەیاند: لە مانگی شوبات، دوو بیری نوێی نەوت لە پێشخابوور بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ئامادەدەبن.
کۆمپانیایەکی دیکەش کە هەمان ڕێچکەی کۆمپانیای DNOی گرتەبەر گەڵف کیستۆن بوو لە کێڵگەی شێخان کە ڕایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019، 20 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات.
کۆمپانیای گازپرۆمیش ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرقەڵا بۆ دوو هێندەی دیکە بەرزکردووەتەوە. شارەزایانی وزە پێیانوایە، بەهۆی هاتنی کۆمپانیای ڕووسنەفت و وەبەرهێنانە زەبەلاحەکانییەوە، لە ساڵی 2019دا کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناخێکی نوێی گەشەسەندنەوە.
پاتریک ئاسگوود، شرۆڤەکاری وزە لەو بارەیەوە دەڵێت: کۆمپانیا نەوتییەکان دڵنیان کە هەرێمی کوردستان دەبێتە هێزێکی گەورەی ئابووری لە ناوچەکەدا.
جگە لە کۆمپانیای DNO هەریەکە لە کۆمپانیاکانی گەنەڵ ئێنیرجی و دانەگاز ڕایانگەیاندووە، وەبەرهێنانەکانیان زیاد دەکەن و پەرە بە کێڵگە نەوتی و گازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.[1]
#13-02-2019#