بەشێک لە کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا قەرزی بانکییان پێنادرێت، بەوهۆیەشەوە بەپێی ئاماری 10 مانگی ڕابردووی ژوورە بازرگانییەکانی تورکیا، 650 کۆمپانیا مایەپووچ بوون و 133 کۆمپانیاش لە مایەپووچبوون نزیکن.
بانکەکان هۆکاری پێنەدانی قەرز به کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان بۆ هۆکاری سیاسی و نەبوونی گەشە و لاوازی ژێرخانی ئابووری دەگێڕنەوە، کە وادەکات ئەو کۆمپانیایانە نەتوانن لە کاتی دیاریکراودا قەرزەکانیان بدەنەوە.
وەزیری بازرگانی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیدا ئاشکرایکرد، کە بەهۆی ئه و قەیرانە داراییەی بەرۆکی تورکیای گرتووە، تاوەکو ئێستا سەتان کۆمپانیا مایەپووچ بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.
ئاماری یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی تورکیا
- لە تورکیا و باکووری کوردستان 650 کۆمپانیا مایەپووچ بوونیان ڕاگەیاندووە
- لە تورکیا و باکووری کوردستان 133 کۆمپانیا نزیکن لە مایەپووچ بوون
- هاوکات 173 هەزار و 886 شوێنکار و دووکان داخراون
- لە 18 مانگی ڕابردوودا 458 لقی بانکەکان داخراون
- 133 لقی بانکەکان لە باکووری کوردستان داخراون
یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی پیشەگەران و کاسبکارانی تورکیا TESK و ڕێکخراوی بانکە حکومی و تایبەتەکان ڕاپۆرتی 10مانگی ڕابردوویان لەبارەی دۆخی بازرگانان و پیشەگەران خستەڕوو. جەختیان لەوە کردەوە کە ئه و کۆمپانیایانەی لە کەرتە جیاوازەکاندا مایەپووچ بوونیان ڕاگەیاندووە، تاوەکو ئێستا حکومەت پشتیوانی بانکییان بۆ نەڕەخساندووە، لە کاتێکدا بەپێی یاساکانی وەبەرهێنان و بازرگانیکردن لە تورکیا دەبێ حکومەت پاڵپشتی کەرتی تایبەت بکات لە کاتی مایەپووچ بوون و نزیکبوونەوەیان لە مایەپووچ بووندا.[1]
#15-02-2019#