بانگخوازێکی ئایینی بەناوی عبدالواحد پروپاگاندە بۆ ئاسایی بونی بەشودانی مناڵانی 9 ساڵ و 11 ساڵ و 12 ساڵ دەکات و ئەیەوێت زەمینە خۆش بکات بۆ هاوسەرگیری کچان لە تەمەنێکی مناڵیەوە..
بەمەش بانگەواز بۆ برەودان بە پێوەر و ڕێسایەکی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانە دەکات کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەشودانی کچانی خوار 16ساڵ، لە کاتێکدا لە یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای باری کەسێتیدا ڕێگا بە بەشودانی منداڵانی خوار 16 ساڵ نادرێت و لە زۆربەی وڵاتانیشدا تا تەمەنی 18 سال یاسایی نیە.
سەرەڕای ئەوەی دژایەتی کردنێکی ئاشکرای ماددەی (2) ی یاسایە
کە ئەڵێت (منداڵ بەشودان بەتوندوتیژی خێزانی حساب دەکرێت)
ئەم بانگەشە و گوتارە ئاینیەی ڕەوتە بانگخوازەکان بەبێ هیچ دودڵی و ئەملاوئەولایەک هاندان و ڕیکلام کردنە بۆ ڕەوایەتی دان بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان وئەنجام دانی توندوتیژیە.
دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچی مناڵ بە مافی پیاو دەزانێ، لێرەوە مافی منداڵان بەهیچ شێوەیەک هیچ واتاو پێوەرێکی نیە و بۆ شەرعیەتدان بەم پیدۆفیلیا و دەستدرێژیە گەڕانەوەیە بۆ مێژووی چیرۆکی سەدە تاریکەکان.
ئەم کردەوەیە جێگای نەفرەت و ناڕەزایەتی هەر دایک و باوکێکە، هەر تاکێکی کۆمەڵگایە کە بەتەنگ پاراستنی قۆناغی منداڵی تاکەکانەوە بێت، بەخەم ژیانی منداڵان و دڵنیاییانەوە بێت، کار بۆ پەروەردەیەکی تەندروست بەدور لە شێواندنی دەرونیان بکات. ئەم کردەوەیە بەهەمو شێوەیەک دژی هەمو پێوەرێک دەوەستێتەوە کە مافەکانی منداڵانی تێدا پارێزراوە.
ئەم بانگەوازە لەپاڵ داسەپاندنی ئەو یاسایانەی کە مافی ژنان پێشێل دەکات، دەیەوێ کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو چاخەکانی ناوەڕاست بەرێت، زەمینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بۆ ڕەوتە کۆنەپەرستەکان خۆش بێت، تا هەژمونی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.
دەبێت ئەم جۆرە نەریت و شەرعیەتدانە بە بەشودانی منداڵان وەک تاوانێکی مێژویی قۆناغەکانی بەربەریەت سەیربکرێت.
پاراستنی مناڵان و کچان لە هەر دەستدرێژیەکی سێکسی ئەرکی دەسەڵات، دەسەڵاتی یاسایی و کۆمەڵگایە و پێویستە منداڵان لەهەر جۆرە کارێک کە لەگەڵ تەمەن و توانای بڕیاردان و فشاری دەرونی و سەلامەتیاندا نەگونجێ بپارێزن.
ئێمە بانگەوازی هەموو دایک و باوکێک، ئینسانێکی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافی منداڵان دەکەین دژی بانگەوازی ئەم بانگخوازە بوەستنەوە. لەسەر هاندانی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان و کچان داوای سزادانی بکەن.
ئێمە لەسەر ئەم تاوانە، داوای دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنی دەکەین.
ناوەکان
1- ناوەندی سێکۆلار لە کوردستان
2- ڕیکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەراست لەبەریتانیا
3- پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە
4- ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان
5- فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
6-کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی ژنان/ سەنتەری نینا
7- سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان- سوید
8- سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان
#16-02-2019#