دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێت: بەوردی چاودێری نرخی گۆشتی #مریشک# دەکەین و نرخەکەشی لە ئێستادا بەرزنەبووەتەوە و لەئاستێکی باشدایە.
لەدوێنێوە (دووشەممە 18ی شوبات) نرخی مریشک لەبازاڕەکانی شاری سلێمانی بەرزبوونەوەی بەخۆيەوە بینیوە، بە بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕادەیەک نرخی کیلۆیەک گەیشتووەتە هەزار و 800 بۆ دوو هەزار دینار.
لەوبارەیەوە #سۆران# عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: نرخی مریشک گران نەبووە، بەڵکو سەرجەم کێڵگە پەلەوەرییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لەزەرەردان، چونکە نرخی کیلۆیەک مریشک لەبنەڕەتدا لەسەر خۆیان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 250 دینار دەکەوێت، بەڵام بەهۆی ئه و سیاسەتە بازرگانییەی کە پەیڕەوی دەکەن ناچارن لە بازاڕدا بە هەزار و 800 بۆ دوو هەزار بیفرۆشن.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی باس لە هۆکاری هەرزانی نرخی مریش لە ئێستادا و هۆکاری ئه و زیانە کرد کە کێڵگە پەرلەوەرییەکان دەیکەن و ئەوەشی خستەڕوو: ئەم کێڵگانە تائێستا بەرنامەیەکی ڕێکخراویان بۆ تێکردنی وەجبەی جوجکەکانیان نییە، بۆ نموونە 600 تا 700 کێڵگەی پەلەوەری هەیە، لەپڕدا هەموویان پێکەوە وەجبەی جوجکە تێدەکەن و بەیەکەوەش پێدەگەن.
وتیشی: کاتێک ئەم سیاسەتە پەیڕه و دەکەن بەرهەم لە بازاڕدا زۆر دەبێت و داواکاری کەمدەبێتەوە، ئەمەش وادەکات نرخی مریشک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئەوانیش زەرەرمەند ببن.
پێداچونەوە: ئاهەنگ حسێن[1]
#19-02-2019#