لە دەورانی عوسمانیدا، لە ئیستانبوڵ زۆر لە کاسبکارەکان کاری ڕۆژانەیان لەناو بازاڕ و کۆڵانەکاندا بووە.
کاروباری ڕۆژانەیان بە دەستبووە یان بە وڵاغ دەگەڕان.
دەڕۆیشتن کۆڵانبەکۆڵان و شاربەشار و دێبەدێ بۆ پەیداکردنی قووتی ڕۆژانەیان.
کاڵا و شتمەک و خواردن و سەوزە و میوەکانیان ساغ دەکردەوە.
مانای وشەکە چییە؟
لە شاری ئیستانبوڵ کابرایەکی چایچی و قاوەفرۆش و ئاوفرۆش هەبووە، زۆر زۆربڵێ و چەنەباز بووە، بەزرنگی و لێزانی خۆی بژێوی خۆی وە دەستدخستووە.
کابرا سێ تەرمۆزی پێ بووە، کە لەکەمەری بەستبووە، لەگەڵ چەند پەرداخێکدا، یەکیان قاوەی تیابووە، دوەمیان چای تێدابووە، سێیەمیشیان ئاوی تێدا بووە.
بۆیە بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد (چە، قاوە، سو) خێراخێرا ئەمەی دووبارە دەکردەوە.
چە بە زمانی تورکی واتا چا
قاوە هەر واتای قاوە
سو بە زمانی تورکی واتا ئاو
واتا (چا) و (قاوە) و (ئاو) .
ئەم ئیدۆم و دەستەواژەیە تێکەڵی زمانی کوردی بووە، بەئێستاشەوە، بووەتە ئیدۆمێکی ڕۆژانەبەکارهاتوو،
بەڵام ئایا ئەم وشەیە چۆن تێکەڵ بووە بە زمانی ڕۆژانەمان؟
بەهۆی ئەوەی زۆر لە کوردەکانی ئەوکاتە کە لە سوپای عوسمانیدا بوون، زۆریان لە ئیستانبوڵ سەرباز بوون یان خوێندکار بوون، زۆربەی زۆریان ئەم کابرا زۆربڵێ و چەنەبازەیان بینی بوو.
لەکاتێ کە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، ئەم گوزارەیەیان بەکارهێناوە، بەتایبەت بۆ کەسێک کە زۆربڵێ و چەنەباز بوبێت،
پێیان وتووە دەڵێی کابرای چەقاوەسوی. دواتر بووە بە دەربڕینێکی ناشیرین بۆ کەسێک کە زۆربڵێ بێت و کاتی کەس نەدات کە قسە بکات. واتا چەقاوەسو وەک واتا، واتایەکی جنێوی نەرمە، بەڵام وەک دەربڕینی و هێناوەی گوزارەکە ماناکەی دەگۆڕێت.
#داناز عەبدولڕەحمان بابان# [1]