هەڵئاوسان لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە و ئەم مانگە ڕێژەی هەڵئاوسانی خاڵبەخاڵ گەیشتووەتە 42.3٪ و پێشبینی دەکرێت دوای نەورۆز لە 50٪ تێپەڕێت.
کاریگەری گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئیدی وەک جاران لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە نکۆڵیی لێ ناکرێت و تەنانەت دانیشی پێدادەنێن.
ناوەندی ئاماری ئێران، کە هەر مانگێک ڕیژەی هەڵئاوسان بڵاو دەکاتەوە، ئەم مانگەش ڕێژەی هەڵئاوسانی خاڵبەخاڵی ڕاگەیاندووە و پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 42.3٪، هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە دوای نەورۆز 50٪یش تێپەڕێنێت.
گەمارۆکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابوری ئێران داناوە و کاربەدەستان دان بەوە دادەنێن، کە ئابوری بەرەو ڕووخان دەچێت و بەهابوونی شتومەک، هەڵئاوسانی یەکجاریی و دابەزینی بەهای تمەن سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، لەو چوارچێوەیەدا، لە هەفتەی ڕابردوو دیسان بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار دابەزی و ئێستا لە بازاڕەکان هەر یەک دۆلاری ئەمریکی زیاتر لە 14 هەزار تمەن معاملەی پێوە دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دۆلار لە بازاڕەکان بە ئاسانی دەست ناکەوێت.
جێگای ئاماژەیە بە پێچەوانەی ئامارەکان، بانکی ناوەندی و ناوەندی ئامار، زاناکانی بواری ئابووری، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی بازاڕ ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران نێوان 150% بۆ 300% دەزانن، بۆ نمونە، لە کاتێکدا ناوەندی ئامار ڕێژەی هەڵئاوسانی خاڵی لە گروپی خۆراک بۆ نمونە گۆشت 92٪ ڕاگەیاندووە، بەهای هەر کیلۆیەک گۆشت کە زستانی پار 36 هەزار تمەن بوو و ئێستا گەیشتووەتە 120 هەزار تمەن، واتا هەڵئاوسانی خاڵی بەپێی بەها و ئاماری بازاڕ لە نمونەیەکدا وەک گۆشت زیاتر لە 330٪ە.[1]
#22-02-2019#