ڕەنگە کەمتەرخەمیەکان یا نەبوونی ئیمکانی پێویست لە لێکۆڵینەوە زاستیەکان سەبارەت بە مێژووی خەباتی ژنان لە کوردستان وای کردبێت خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم مەسەلە، ئەمڕۆکە هەژار دەرکەوێت.
بەڵام گەر چاوخشاندنێکمان ببێت بۆ سەر ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دەبینین کە خەباتی ژنان لە ئاڵۆزترین هەلوومەرجدا بە وشیاریەکی تەواوەتی و هێزێکی قورس و قایمی نەپچڕاو، وەستا و لە بەرانبەر بیر و هزری کۆن و پیاومەزنیدا خەباتی کرد.
خەباتی بێوچانی کۆبانێ، خەباتی ژنانی شەنگال، خەباتی لابردنی حیجابی زۆرەملێ لە ڕۆژهەڵات و دەیان نموونەی تری خەباتی ژنان لە کوردستان، نموونەی ئازایەتی و بەردەوامیین لێرەدا.
کلتوور و داب و نەریتە کۆن و ڕزیوەکان لە ڕابردوو هەتا ئێستا کۆڵەکەی لەمپەرخستنەکانی بەردەم ژنان بووه بۆ پێشکەوتن و خاوەن بڕیاربوون.
نامووس، ئەم وشە چەند پیتیە کە چەمکێکە لەمۆڵک و خاوەندارێتی، زەنگێکە لەکوشتن و بڕین، ترسێکە لە نەمان و لەدەستچوون، سێبەری خستوەتەسەر هەموو کوردستان و قورسایەکی لەسەر شانی ژنان درووست کردووە.
ئامارەکان لەم چوارچێوەدا نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە.
قەتڵە نامووسیەکان لە کوردستان لەم دوایانەداو بە تایبەت لەم دوو حەفتەی ڕابردوودا زۆر جێگەی نیگەرانی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بووە.
لێرەدا پێویستە هەموو ئێمە وەدەنگ بین و دەست لە نێو دەست ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە بینەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوار دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا بە یاسا دژە مرۆیی و دژە ژنەکانی خۆی، هەمیشە لە هەوڵی سەرکوت و لە خەفەقان هێشتنەوەی ژناندا بووە. سیستمی زاڵی بەڕێوەبەریی لە دەسەڵاتدا و لەوێشەوە دزە کردن بۆ نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە، هەموو کات گەورەترین زەرەریی لە ژنان داوە. لەمڕۆدا کە مەسەلەی ژن لە ژێر ئەم دەسەڵاتەدا حەساستر لە جاران دەردەکەوێت و ژنان خۆیان بەوقەناعەتە گەیشتوون لە ژێر سیستمی زاڵی دژە ژندا بێدەنگ نەبن و ببنە خاوەن بڕیار، پێویستە پشتیوانیی بکرێن و نەهێڵێن ئەم “نە” وتنەی ژنان خوێناویی ببێت.
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد وێڕای مەحکووم کردنی هەر جۆرە تووندووتیژیەک بەرانبەر بە ژنان و کوشتنی ژنان لە ژێر هەرناوێکدا، خوازیاری لە ناوچوونی دەسەڵاتی ئیسلامی و یاسا دژە ژنەکانە.
لێرەداو لە سەرووبەندی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژندا داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکانی مەدەنی و هەروەها دەزگا نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە لەئاست مەسەلەکانی ژناندا بەتایبەت قەتڵە ناموسیەکان بێدەنگ نەبن و لەمساڵ و لە ڕۆژی ژندا هەڵوێستێکی جدیتر وکارامەتر لە بەرانبەر کلتووری ژن کوشتن لە کوردستاندا بگرین.
بژی ئازادی و بەرابەری
سەرکەوتوو بێ خەباتی بێوچانی ژنان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
#20-02-2019#