چل ساڵ لەمەوبەر لە ناو دڵی کۆمەڵگایەکی چەوساوە و تاریک و دواکەوتو، ڕووناکیەک لە ئاسۆوە سەری هەڵداو پەیامێک، هیواو ئومێدیکی تازەو جیاوازی خستە ناو دلی کۆمەڵگا و خەلکی کوردستانەوە.
چل سال لەوە پێش ڕێکخراوێک هەڵسوڕانی ئاشکرای خۆی لە کوردستان ڕاگەیاند کە تا ئێستاش گاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر بزوتنەوەی ژنان و بیری یەکسانیخوازیی بەرچاوو و ئاشکرایە.
کۆمەڵە پەیام هێنەری ئازادی، یەکسانی، مۆدێرنیزم و بەرابەری کۆمەڵایەتی بوو. پێشەنگ و داکۆکاری پەیگیرو جیدی پێشکەوتنخوازی و چینی چەوساوە و ژنان بوو و ئێستاکەش هەر جێگای هیوایانە.
کۆمەلە داهێنەری سوننەت گەلێکی پێشکەوتوانە و یەکسانیخوازانە بوو کە تا ئێستاش هەر مۆرکی کۆمەلەی پێوەیە و لە کوردستان دا چەسپاوە.
کۆمەلە بە بەرەنگاری بونەوە لەگەل دواکەوتویی و داب و نەریتی کۆن، بوو بە پاڵپشتی ژنان و خەباتی مەدەنی و سیاسییان.
یەکەم پۆلی پێشمەرگەی ژن شان بە شانی پیاوان، بۆ یەکەم جار لە مێژوو دا، لە لایەن کۆمەڵەوە ڕێکخرا. ئەو هەنگاوە نەک هەر دەرگای ئەو مەیدانە و زۆر مەیدانی تری بۆ ژنی کورد واڵا کرد بەڵکوو بەربەرەکانێی توندی دژ بە داب و نەریتی کۆن ڵەگەڵ خۆی هێنا.
پەیوەست بوونی بە کۆمەڵی ژنان بۆ ناو ڕیزی خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە و هەروەها باقی بووارەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیما وڕوواڵەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی گۆڕی.
ئەوڕۆ چل ساڵ تێپەڕ بووە و بیری یەکسانیخوازی و ڕزگاری ژن هەموو کوردستانی داگرتوە و بۆتە داخوازی هەموو کۆمەڵگا.
جیا لە کاریگەریی کۆمەڵە لەسەر بزوتنەوەی ژنان، پئشکەوتنخوازی و خەباتی چینی چەوساوەش لە کوردستان گوڕو تینێکی نوێی پەیدا کردوە و ناوەرۆکی بزوتنەوەی کوردستانیش کامڵتر بووە.
ئاسۆی ژنی کورد وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی کۆمەڵە و پێزانینی بەو هەنگاوە بوێرانەیە و مێژووییە، پێداگری زیاتر دەکات لەسەر مافی ژنانی کوردستان و پێی وایە کە کۆمەڵە پێویستی بە هەنگاوی گەورەتر هەیە بۆ تێکەڵ بون لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان. خاو بونەوە و دور کەوتنەوەی کۆمەلە لە پرسی ژن و بزوتنەوەی ژنان قابیلی قبوڵ و پاساو نیە.
هیوادارین لە سالیادی چل ساڵەی ئاشکرا بونی کۆمەڵە دا جارێکی تر شاهیدی عەهد و پەیمانێکی جیدیتر ببین بۆ درێژەی ڕێبازی کۆمەڵە، بۆ یەکسانی و بۆ یەکگرتویی زیاتر لە ناو بزوتنەوەی کوردستاندا.
سڵاو لە فیداکاری و یادی هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە
سڵاوو ڕێز بۆ بنە ماڵەی سەربەرزی گیانبەختکراوانی کۆمەڵە
سڵاو لە هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵە
بژی ئازادی، بژی یەکسانی
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
#16-02-2019#
بەرانبەر بە 27ی ڕێبەندانی 1397ی هەتاوی