دوای 168 ساڵ له دروستکردنی، بازاڕی قەیسەری #کفری#، بەهۆی داڕوووخانەوە چۆڵکراوە، شوێنەواری #گەرمیان#-ش دەڵێت، 98%ی بازاڕەکە مەترسی هەرەسهێنانی هەیە. سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکەش ئاماژە بەوە دەکات، هیچ پرۆژە و بودجەیەکیان نیە بۆ نۆژەنکردنەوەی.
بازاڕی قەیسەری کفری، دەکەوێتە ناو شارۆچکەی کفری سەر به ئیدارەی گەرمیان، بازاڕەکە له ساڵی 1851 لە لایەن وەستا سەمەد #کەرکووک#ییەوە دروستکراوه، بەڵام بەهۆی بایەخپێنەدانییەوە، ئەو شوێنەوارە مێژوویە ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچێت.
بازاڕەکە له کاتی خۆیدا بازاڕێکی قەرەباڵغ بووە و خەڵکی بۆ کڕینی پێداویستییە هەمە جۆرەکانیان سەردانی ئەو قەیسەرییەیان کردووە، له ئێستاشدا بەهۆی کۆن بوون و مەترسی هەرەسهێنانی، لە لایەن خاوەن دووکانەکانەوە چۆڵکراوە.
ئیبراهیم حەمە خان، ماوەی زیاتر له شەست ساڵە، دوکانی هەیە له بازاڕی قەیسەری کفری، ئەو دوکانەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و بە خەمگینییەوە دەیوت: ماوەی مانگێک دەبێت بەشێکی زۆری ئه و دوکانانەی لە بازاڕی قەیسەری کفریدا مابوونەوە، چوڵیان کرد و ڕوویان له بازاڕەکانی دیکەی شارۆچکەکە کردوە، چونکە بازاڕەکە بەره و داڕووخانی یەکجاریی دەچێت و حکومەتیش هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ چاککردنەوەی.
ئیبراهیم حەمە خان، کاتێک قسەی بۆ ئێمە دەکرد، سەرقاڵی چۆڵکردنی دوکانەکەی بوو، ئەو بە بەجێهێشتنی یادگارییەکەی باوکی دڵی پڕ بوو لە حەسرەت، ئێستا زۆر دڵتەنگم، دوای ئه و هەموو ساڵە، بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەوە دوکانەکەم، له قەرەباڵغترین و ناسراوترین و کۆنترین شوێنی شار جێدەهێڵم، کە ڕۆژانێک هێمای ئاشتیی و پێکەوەژیان و کارکردنی باش بوو بۆ ئێمە.
مەلا ستار محەمە ساڵح، هاوڵاتیەکی بە تەمەنی دانیشتوی شارۆچکەی کفریە، منداڵیی مەلا ستار لەو بازاڕەدا بووە، ئه و لەسەر چۆڵکردنی بازاڕی قەیسەری کفری باسی لەوە کرد: جاران دەهاتمە ئەم بازاڕە، دەمبینی خەڵک لە لادییەکانەوە دەهاتنە نێو ئەم بازاڕەوە و تیکەڵاوییەکی زۆری نەتەوەکان هەبوو، پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەهێز هەبوو، ئەوانەی لە دەرەوە دەهاتن بۆ ناو بازاڕەکە، دڵخۆش بوون، ئەم بازاڕە یەکێک بوو له بازاڕە قەرەباڵغەکانی ناوچەکه.
مەلا ستار لە چایخانەیەکی نزیک بازاڕەکە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی دانیشتبوو، باسی یادگارییەکانی خۆیان دەکرد، دوای ئه و هەموو ساڵە، ماوەی چەند مانگێکە دێمە ئەم بازاڕە زۆر دڵتەنگ دەبم، دەبینم بە بەرچاوی هەمووانەوە خەریکە دەڕووخێت و کەس ئاوڕی لێناداتەوە و سەروەتێکی نیشتیمانی گەورە لەدەست دەدەم، داوام لە خەڵک و دەسەڵات و حکومەت هەیە کار بکەن بۆ چاککردنەوەی ئەم بازاڕە.
شکور محەمەد حەیدەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، لەبارەی نوێکردنەوە و بایەخدان بە نازاڕی قەیسەری کفری، وتی: 98% بازاڕی قەیسەری کفری مەترسی هەرەسهێنانی هەیە، سەدان جار داوامان له حکومەتی هەرێم کردووە خەمێکی بخوات و ئاوڕێکی لێبداتەوە، بەڵام هەر بێدەنگ بووە.
باسی لەوەش کرد: له ساڵی 2012 بە بڕیارێکی #نێچیرڤان بارزانی#، بڕیاردرا به دابینکردنی بڕی 21 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام کە قەیران هات ئه و بڕیارە نەچووە بواری جێ بەجێکردنەوە.
بەرپرسی شوێنەواری گەرمیان، ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر ڕۆژێک بێت و ئه و پرۆژەیە بڕواتە جێبەجێکردنەوە، دەبێت 98%ی ئه و بازاڕە بڕوخێت، بۆیە جارێکی دیکە قەیسەری کفری وەک خۆی لێ نایەتەوە و لەدەست دەرچوو.
هەروەها قادر فاتیح، سەرۆکی شارەوانی کفری، سەبارەت بەوەی ئایا پرۆژەیان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کفری؟ باسی لەوە کرد: هیچ بودجە و پرۆژیەکمان نیە بۆ چاککردنەوەی ئه و بازاڕە.
بازاڕی قەیسەری کفری تەمەنی 168 ساڵە و لە 100 دووکان پێکهاتووە و لەنێو دوکانەکانی ئەو بازاڕەدا، کاری مسگەریی و چەخماخسازیی و چەندین پیشەی دیکەی ئەنجام دراوە، هەروەها خواردنگە و دوکانی فرشتنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی تێدا بووە، له ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی لەڕووخاندایە و مەترسی هەرەسهێنانی هەیە، نزیکەی پێنج تا شەش دوکانی تێدا ماوە و بە یەکجاریی چۆڵدەکرێت.[1]
#23-02-2019#