بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی، ساڵی ڕابردوو لە هەرێم 2 هەزار 74 کەس سودمەندبوون لەیاسایی لێبوردنی گشتی، زیاتر لە 100 سزادراویش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕ کراون، لە ئێستاشدا نزیکەی 300 خوێندکار لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا دەخوێنن.
ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی گەورانی #هەولێر#، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش سەبارەت بە ئاماری بەندکراوان و کارو چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی هەرێم، ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و74 کەس سودمەند بوون لەیاسایی لێبوردنی گشتی، لەو ژمارەیەش هەزار و 688 سزادراو ئازادکراون و ئەوانەی تریش سزاکەیان کەمکراوەتەوە، هەروەها 345 سزادراویش لەخولی ڕاهێنانی پیشەیی بەشدار بوون، 794 سزادراویش مۆڵەتیان پێدراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا نزیکەی 300 خوێندکار لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگاکاندا دەخوێنن.
سەبارەت بەئاڵوگۆڕی سزادراوان لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند، زیاتر لە 100 سزادراوی خەڵکی ئەو وڵاتە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێران کراونەتەوە، لە بەرامبەریشدا 10 سزادراوی خەڵکی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە ڕادەستی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، دیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر، ئاشکرایکرد لە ئێستادا نزیکەی 87 کەیسی تیرۆرمان هەیە کە بەشێکیان تاوانەکەیان لەسەر ساخبوەتەوە بەشێکیشیان لە قۆناغی لێکۆلینەوەدان و بەشێکیشیان هێشتا یەکلا نەبونەتەوە.
هێمن فاروق، بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر، ڕایگەیاند، بە تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 10 هەزار کتێب لە نێو چاکسازییەکان لە لەلایەن زیندانیانەوە خوێندراوەتەوە، هەروەها نزیکەی 300 زیندان لە نێو چاکسازییەکاندا دەخوێنن کە (173 خوێندکاریان لە قۆناغی بنەڕەتیدان، 75 خوێندکاریان لە ئامادەین و 21 کەسیشیان خوێندکاری زانکۆن و 19 کەسیشیان لە پەیمانگا دەخوێنن).[1]
#24-02-2019#