ئەگەر مەعبود نەيدا، مەحمود چ بکا
دەگێڕنەوە لەم زەمينە پان و پۆڕەی ماڵی مرۆڤايەتی سوڵتان مەحمودێک لە يەکێک لەکنارەکانی ئەم گێتيە ڕانەوا و فەرمانڕەوا بووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە بازاڕ تێ دەپەڕێت و دەنگێک سەرنجی سوڵتان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت کە دەبينێت وەستايەکی(جۆڵا) لە دوکانێکدا لەسەر کارگە جۆڵاييەکەی کاردەکات لەبەر خۆيەوە دەڵێت(چەندەيە هەر ئەوەندەيە) ئەوە بە بەردەوامی مەکۆيەکە دەهاوێژێت و شانەکە توند دەکێشێت و دەڵێت چەندەيە هەر ئەوەندەيە، سوڵتان لەدڵی خۆيدا دەڵێت(ئەم پياوە هەژارە با ئەم نيوەڕۆ خوانە خوانێکی سوڵتانی بۆ ئامادە بکەم و بۆی بنێرم لە ژێر پڵاوی ساوار يان چەڵتوک و برنجەکەش هەندێک ليرەی زێڕی بۆ تێ بکەم) کە نيوەڕۆ دادێت سوڵتان ئەوەی بەدڵی داهات جێ بەجێی دەکات بە نۆبەداران دەڵێت خواردنێکی سوڵتانی ئامادەبکەن، کە ئامادەيان کرد سوڵتان تەواوێکی پێويست ليرەی زێڕ دەخاتە ژێر پڵاوەکەوە، فەرمان دەکات بۆ کابرای(جۆڵا)ی ببەن، کاتێک دەگەنە لای وەستای جۆڵايی پێی دەڵێن ئەمە سوڵتان مەحمود بۆی ناردووی، ئەويش وەريدەگرێت و دەڵێت(ئەمە خواردنی من نی يە دەيفرۆشم و چەندين جەم-ژەمی خۆمی پێ دابين دەکەم) سوڵتان دوای چەند ڕۆژێکيتر دەچێتەوە بازاڕ و دەبينێت وەستای جۆڵاکە هەر دەڵێت(چەندەيە هەر هەندەيە) سوڵتان لەدڵی خۆيدا دەڵێت(ديارە ئه و پارەی من بۆم ناردووە کەم بووە و بەشی هەموو پێداويستيەکانی نەکردووە) بۆيە فەرمان دەکات کام(شوتی) گەورەيە بيکڕن، دەست و پێوەنديش جێ بەجێی دەکەن، کە دەچێتەوە کۆشک بانگی نۆبەدار دەکات و دەڵێت(شوتيەکە بکۆڵن و هيچ ناوی تێدا مەهێڵن تەنها پەڵک و توێکڵەکەی بمێنێت) ئينجا سوڵتان مەحمود پڕی دەکات لە ليرەی زێڕ و دەينێرێت بۆ کابرای جۆڵا، بەهەمان شێوەی پێشوو جۆلاييەکە دەڵێت(ئەم شوتيە گەورەيە خۆراکی من نيە و دەيفرۆشێت) پاشماوەيەکيتر سوڵتان بەلای دوکانەکەی گوزەر دەکات هەر گوێی لە(چەندەيە هەر هەندەيە) دەبێت، بۆيە لەکابرای جۆڵا نزيک دەبێتەوە و لێی دەپرسێت ئەرێ کابرا من دووجار هاوکاريم بۆ ناردی جارێک بە نيوەڕۆ خوان و جارێکيش بەدياری شوتيەک کە هەردووکيان پڕ بوون لە ليرەی زێڕ، وەستايەکەش دەڵێت(بەڵێ قوربان خودا پايەدارت بکات بەڵام هەردووک جار گوتم ئەمانە خۆراکی من نين و فرۆشتمن بۆ ئەوەی قوت و خۆراکی چەندين جەمی ترم بۆ دابين بکات)، ئينجا سوڵتان سەر بەرز دەکاتەوە بەخودای گەورە دەڵێت(ئەگەر مەعبود نەيد، مەحمود چ بکا) مەعبود واتە پەرستراو-خودا، مەحمود-يش ناوی سوڵتان فەرمانڕەوای زەمانە، ئەمە بووە بە ئيديۆم واتە هەرچەندە مرۆڤ هەوڵ بدات ئەگەر خودا ڕەزامەندی لەسەر نەبێت بێ کەڵکە.