ڕێژەی تووشبوانی شێرپەنجە لە #کەرکووک# بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە و پیسیی ژینگەی شارەکەش بە هۆکارێکی سەرەکیی زیادبوونی نەخۆشییەکە هەژمار دەکرێت.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەی کەرکووکی وەرگرتووە، لە ساڵی 2017 لە کەرکووک 869 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوە و لە ساڵی 2018 ئامارەکە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 643 نەخۆش.
ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا لە زاری کەسانی پسپۆرەوە هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشیی شێرپەنجە لە کەرکووک دەخاتە ڕوو.
نیاز ئەحمەد، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە کەرکووک، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبوانی شێرپەنجە بۆ پیسیی ژینگەی کەرکووک دەگەڕێنێتەوە.
پیسبوونی ژینگە، جگەرە و نیرگەلەکێشان، تیشکی سەروو بنەوشەیی و خۆراکی خراپ، بە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە هەژمار دەکرێن، کەرکووک-یش بەهۆی دووکەڵی بیرەنەوتەکان و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاکی زۆر لەناو کۆڵانەکاندا، ژینگەکەی پیس بووە.
پسپۆران باس لەوە دەکەن، کە زۆرێک لەو نەخۆشانە بەهۆی ژینگەی پیسەوە جگەریان تووشی هەوکردن دەبێت و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێن، دواتر هەوکردنەکە پەرەدەسێنێت و دەبێت بە شێرپەنجە.
عەبدول عومەر، باوکی پێنج منداڵە و ماوەی ساڵێکە تووشی شێرپەنجە بووە، وەک پزیشکەکان پێیانوتووە، دوکەڵ و ژینگەی پیس تووشی نەخۆشییەکەی کردووە، بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری بەردەوامەوە ئێستا تەندورستیی بەرەو باشبوون دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان، لەجیهاندا ئەو کەسانەی زیاتر بەهۆی پیسی ژینگە گیان لەدەست دەدەن خەڵکی چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەن، ئەویش بەهۆی هەبوونی ڕێژەی زۆری پیشەسازیی لەو وڵاتانەدا.
شکۆفە ساڵەیی، بەرپرسی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز لە شاری کەرکووک، هێمای بۆ پیسبوونی ژینگەی کەرکووک کرد بەهۆی کێڵگە نەوتییەکانەوە و وتی:دەرهێنانی نەوت لە شارەکە زۆر جار دەبێتە مایەی مەترسیی بۆسەر تەندروستی هاوڵاتیان، پاشماوەی ئەو نەوتە کە خۆی لە چەندین توخمی زیان بەخش دەبێنیتەوە، تێکەڵ بە ژینگەی کەرکووک دەبێت ئەمەش گەورەترین مەترسییە.
شکۆفە ساڵەیی، باسی لەوەش کرد، کە جگە لە دەرهێنانی نەوت، بوونی ئۆتۆمبێل کۆن، کۆبونەوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاک، نەبوونی ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزرایی لە شارەکە، هۆکاری دیکەی پیسبوونی ژینگەی کەرکووک-ن.
بەرپرسی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز لە شاری کەرکووک، هۆکاری هەموو ئەوانەشی بۆ نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گەڕاندەوە، چونکە وەک ئەو باسیکرد لەناو ئەنجومەنەکەدا لیژنەی بەدواداچوون و ژینگە هەیە، کە ئەگەر ئەنجومەن کارابوایە و ئەو لیژنەیە ئەرکەکانی جێبەجێ کردایە، ڕەنگە ژینگەی کەرکووک ڕووبەڕووی ئەم دۆخەی ئێستا نەبوایەتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو پێنج هەزار و 658 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێم تۆمار کراون و بە بەراورد بە ساڵی 2017، 667 حاڵەتی نەخۆشییەکە زیادی کردووە.
هەروەها، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 18 ملیۆن و 100 هەزار کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسیش بەهۆکاری ئەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.[1]
#25-02-2019#