ژینا نەقشبەندی
(ئێدیتۆری گۆڤاری کۆپنهاون و ئەندامی ئەنیستیتووت)
گۆڤاری کۆپنهاون ل ساڵی 2020ەوە دەستی پێ کرد و یەکەم چاپ کراوەی خۆی له ژێر ناوی “گۆڤاری کۆپنهاون ژمارەی یەک و دوو” بڵاو کردەوە و هیوایان خواستووە ئەو گۆڤارە و هەوڵەکانی تری ئەنیستیتووتی کورد ببێتە ناشوێنێکی دیار بۆ کۆبوونەوە و لێک نزیکبوونەوەی کولتوورە جۆراوجۆرەکان لە پانتایی زمان و ئەدەب وهونەر. هەموو دەم کولتوور و چاند خاڵی بەهێز و جێی شانازی گەلی کورد بووە و بەردەوام وەکوو ملوانکەیەکی درەوشاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕەنگ و بۆن و بەرامە و تامی تایبەت بە خۆی هەبووە. مشووری ئێمە لە ناو کۆی کەمترخەمییەکانی دیاسپۆڕای کورد بێ هەڵە و کەم و کۆڕی نییە. بەڵام هەموو هەوڵی خۆمان وەگەڕ خستووە هەتا ئەو گۆڤارە بە باشی تەیار بێ، هەروەها بە بەشی خۆی ببێتە مەکۆ و جێپشووی هۆگرانی هونەر و کولتوور و هەروەها جێژوانی دوو کولتووری کوردی و دانمارکی.
لە ژومارەی یەکەمدا فایلی تایبەت بە نووسەری کوردی تاراوگەنشین “حەمە فەریق حەسەن” لەگەڵە وێڕای فایلێک لە وەرگێڕانی شاعیرانی لە هەموو تەمەن و چین و توێژێکی ئەدەبی، شیعرەکانیان لە دانمارکییەوە دانمارکی کراون بە کوردی و فارسی و پێشکەش بەهۆگرانی شیعر کراوه.
وەک لە یەکەم بەیاننامەی گۆڤارەکەمان بە ڕوونی ئاماژەی پێکرابوو، ئەو گۆڤارە ئاوەڵایە بۆ هەر هەموو ژانرێکی هونەری، بابەت و توێژینەوە و هەرچی لە ناو جەغزی کولتوور و هونەردا جێ دەگرێت. هەر بۆیە ژومارەی یەکەمی گۆڤارەکە بە بابەتی تریش لە هونەرمەندانی فۆتۆگراف و کارتۆنیست تام و بۆنێکی تری بەخۆوە گرتووە.
ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ ساڵی چوار جار ئەو گۆڤارە بڵاو دەکاتەوە، هەر جارەی لەنگەر لە سەر بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندێکی کورد دەگرێت، چ گەنج و چ بەتەمەن، بە بێ جیاوازی، لە فایلێکی تایبەت دا کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ دەدا خوێندنەوەیەکی باش و بەکەڵک بۆ بەرهەم و کارەکانی بخاتە ئەستۆی ئەو کەسانەی خاوەنڕا و شارەزای بوارە جیاجیاکانی ئەدەبن. گۆڤاری کۆپنهاون لە هەر ژومارەیەکدا بەرهەمی هەموو نووسەران و شاعیران و بەگشتی هونەرمەندان لە هەر تەمەنێک بە بێ جیاوازی تەمەن و ئاستی کاریان بڵاو دەکاتەوە. کەڵکەڵەی گرینگ و هەوڵەکانی ئەنیستیتوو بەشی زۆری بۆ ڕەخساندنی هەل و دەرفەت بۆ گەنجانە لە ناو هەموو ژانرەکانی هونەر و ئەدەب.[1]