هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
سەرەتا و لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی کوردەواریدا، بەناوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی 2719ی کوردیتان لێ دەکەین.
ئێوە خەڵکی مافخوازی کوردستان هەموو ساڵێک سەرەڕای فشار و چاودێریی چڕی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانیوتانە نوێبوونەوەی ساڵ و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆشی دەربڕین و بانگەوازی ویست و داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆتان وەک نەتەوەیەک کە تا ئێستاش لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکان بێ بەش کراوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز لە هەمیشە بە پەیام و درووشم و هێمای تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە نیشانەی بەرزیی ئاستی شعوور و هوشیاری نەتەوەیی و ڕێکخراوبوونی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانە؛ بۆیە ئەمساڵیش پێویستە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتردا، بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە، یەکگرتووانە بەڕێوە بچن و بکرێنەوە بە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانە. بۆیە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەر وەک لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە چاوەڕوانی لێ دەکرا، لەم پێوەندییەدا یەکگرتووانە و لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی یەکریزی و پێکەوەبوون لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکات:
1- ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی نەورۆزی سەمای ئازادیدا بەڕێوە بچن.
2- با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، یەکریزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە بێت.
3- لە ڕێوڕەسمەکاندا لە جامانە، هەوری و گوڵی سوور، کەڵک وەربگرین.
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان لانیکەم لە ماوەی تەنیا چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە نیشانیان داوە کە یەکگرتووانە بەدەم بانگەواز و داوای هێز و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە دێن و چاوەڕوانیشیان - لە قۆناغی ئێستای خەبات دژ بە سیاسەتە دژیگەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران - یەکگرتوویی و پێکەوە بوونە. خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە کردەوە دژیگەلی و تێرۆریستییەکانی ڕێژیم، مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی، لە ڕۆژی 21ی خەرمانان و هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە 2ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، نیشانیان دا کە یەکگرتووانە بە گژ سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمدا دەچنەوە و خاوەنداری لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی ئەمساڵیشەوە، یەکگرتووانە بە وەڕێخستنی ڕێوڕەسمی گشتی و جەماوەری، خاوەندارێتی لە ماف و ئازادییە کلتووری و نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن.
لەم پێوەندییەدا ئەرکی وتاربێژان، شاعیران و هونەرمەندانە کە نێوەرۆکی قسە و بابەت و هونەرەکەیان، تەژی بێت لە پەیامی یەکگرتوویی، نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زۆری و سیاسەتە دژیگەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. با لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بە لەمل کردنی جامانە و هەوری و بەدەستەوەگرتنی گوڵی سوور و بەرزکردنەوەی درووشمی یەکڕیزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە، سەمای ئازادی بکەین و بیسەلمێنین کە لە وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەردەوام و شێلگیرین.
نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.
بەهیوای ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
14ی ڕەشەممەی 1397
#05-03-2019#