بە یەکسانی بیردەکەینەوە،
بە زیرەکی بنیاد دەنێین
بە داهێنانەوە گۆڕانکاریی دەکەین
کچان و ژنانی کوردستان لە بەهاری 2019 دوای تێپەربونی 28 ساڵ بە سەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کوردستان, وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم جەماوەری گەلی کوردستان, خۆیان بە بەشێکی سەرەکی لە سەرخستنی شۆرش و ڕاپەرین دەزانن، چ وەک هاوبەشی ڕاستەوخۆ یان وەک خانەوادەی خەباتکاران لە ڕاپەڕین و سەرجەم بوارەکانی خەباتی سەختی دەیان ساڵەی گەلەکەمان، کەواتە لە 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، کچان و ژنانی کوردستان چی دەخوازن؟
کچان و ژنانی کوردستان چۆن بە درێژایی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ڕۆڵیان هەبوە بە شێکی گرنگ کاریگەر بون لە سەرخستنی شۆرش , ئیستاش دەیانەوێت ڕۆلیان هە بێت لە بەرەوپێش بردنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە یەکسانیکردنەوە و ڕیکخستنەوەی بەڵانسی بەشداریکردن لە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.
بۆیە خواستەکانمان یەکسانییە و دەمانەوێت ژیرانە هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی کوردستانیکی پێشکەوتوو و دوور لە هەموو شێوازەکانی جیاکاریی و نایەکسانی. ئەمەش بە ئاسانی نایەتە دی ئەگەر ئیرادەیکی سیاسی بە هێز پاڵپشتی ئەم خواستە نەکات، لە کاتێکدا ئەم خواستە مافێکی یاسایی و دەستورییە هەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق چەسپاوەو هەم لە پرۆژە دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا جەختی لە سەر کراوە.. ئەی کەواتە بۆ ئەم مافە بە هەڵپەسێردراوی لە زۆر ئۆرگان و دامەزراوەو دەزگادا ماوەتەوە، بابەتەکە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و یاساییەکان، کە ئەوەش لە دەسەڵاتی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانە.
ئافرەتانی کوردستان زۆر ژیرانە هەنگاویان ناوەو هەنگاو دەنێن بۆ دروستکردنی متمانە و باوەڕ لە نێوان خۆیان و هاووڵاتیان و دەسەلاتدارانی هەرێم لە ڕووی بەهێزکردنی تواناکانیان و خستنەڕووی لێهاتویی و شارەزاییان لە بوارە جیاوازەکاندا تا لەو ڕێگەیەوە خزمەت بکەن و بەشێکی گرنگیش بن لە پرۆسەی پەرەپێدان و بنیادنانی کوردستان.
ڕۆژانەش بە داهێنان و پرۆژەی جیاواز تواناکانیان دەخەنەڕوو دەبنە بەشێکی گرنک و کاریگەر لە بازاڕی کارو زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمەش پێویستی بە گرنگی پێدانی زیاترو پاڵپشتی زیاترە لەلایەن تەواوی دەسەڵاتە فەرمی و نافەرمیەکانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.بۆیە:
بڕوابوونمان بە یەکسانی پێوستی بە هەنگاوی کردارییە.
بنیادنانی ژیرانەش پێویستیی بە تواناو لێهاتوویی هەمووانە.
داهینان و گۆڕانکاریش بەبێ پاڵپشتی و ئیرادەیەکی سیاسی نایەتەدی.
بەرزو پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانی ئافرەتان..
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
#08-03-2019#