دواڕۆژ، سیروان حەسەن
لە #گەرمیان# بیرە نەوتێکی دیکە تەواوبووە و بە وتەی لایەنی پەیوەندیداریش بەم نزیکانە کارەکانی بەستنەوەی بۆری ئه و بیرە نەوتە تەواودەبێت و بە لایەنی کەمەوە زیاتر لە 10 هەزار بەرمیل ڕۆژانە نەوتی لێدەردەهێندرێت.
رامیار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا لە سنوری #کفری# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ئێستادا لە سنووری ناحیەکەمان لە هەردوو بلۆکی نەوتی سەرقەڵا یەک و دوو، ڕۆژانە زیاتر لە 25 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت و ئه و بڕە نەوتە لە ڕێگەی 145 تانکەرەوە ڕەوانەی پاڵاوگەی خۆرمۆلە دەکرێت لە #هەولێر# و لەوێشەوە دەکرێتە بۆڕی نەوتی کوردستانەوە.
وتیشی: حاڵی حازر لە لایەن هەردوو کۆمپانیای سالب و سەگرمە و بیرە نەوتی بلۆکی سەرقەڵا سێ کەواچەرموو لە تەواوبووندایە و خەریکی بەستنەوەی بۆڕییەکانی ئه و بیرەن نەوتەن کەچاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە کارەکانی تەواو بێت و دوای تەواوبوونی بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە زیاتر لە 10 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: بڕیار بووە ئه و بیرە نەوتە لە چوار هەزار و 17 مەتر بگاتە نەوت، بەڵام لە سێ هەزار و 921 مەتر گەیشتوونەتە نەوت و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی ئیشەکاندایە و دوای تەواوبوونی تێستی بیرەکە، پڕۆژەی دەرهێنان و هەناردەکردنی دەستپێدەکات.
رامیار عەبدولڕ حمان دەربارەی کێڵگەی سەرقەڵا وتی: دوای کنه و پشکنینێکی زۆر کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی کێڵگەکەی بەجێهێشت، بەهۆی ئەوەی کە کەڵکی ئابووری کەم بوو، هەروەک تێچووی دەرهێنانیشی گرانبوو.
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیا زەوییەکانی ڕادەستی جوتیاران کردەوە و قەرەبووشی کردنەوە.
لە ئێستادا لە سنوری گەرمیان چوار بلۆک نەوت هەیە بە هەموویانەوە ڕۆژانە نزیکەی 35 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێندرێت و لە ماوەی ڕابردوودا بە تانکەر ڕەوانەی ئێران و ناوچەکانی #سلێمانی# هەولێر دەکرا، بەڵام ئێستا تەنها ڕەوانەی هەولێر دەکرێن.
هونەر عەلی، شارەزا لە بواری نەوت و وزە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە سنووری گەرمیان ڕۆژانە زیاتر لەنێوان 30 بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت و بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەکانی هەولێر و بە پێی زانیاریەکانیش تادێت نەوتی بیری حەسیرە ڕوو لە زیادبوون دەکات و هەروەها بیرە نەوتی کەواچەرموش لە تەواوبووندایە و ئەگەر تەواوبێت دەرهێنانی نەوت دەگاتە نزیکەی 45 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وتیشی: زیادبوونی هەناردەی نەوتی گەرمیان مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام پێویستە حکوومەتیش چیتر ئه و داهاتە ئاشکرا بکات و هەروەها پارەی پترۆ دۆلار بۆ ناوچەکە خەرج بکرێت و کۆمپانیاکانیش ناچاربکرێن بە خزمەتکردنی گەرمیان لە ڕووی پرۆژەی جۆراو جۆرەوە.
هونەر عەلی ڕاشیگەیاند: لە کاتێکدا ئه و هەموو نەوتە لە گەرمیان هەیە، بەڵام هێشتا لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە کێشه و گرفتی زۆری هەیە بە تایبەتی لە ڕێگای #کەلار# - سلێمانی ئه و تانکەرانە گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی ناوچەکە لە گەرمیان و سلێمانیش فشار لەسەر حکوومەت دروستبکەن بۆ ئەوەی لە داهاتی نەوتی گەرمیان ناوچەکە خزمەتی بەرچاو بکرێت.
باسیشی لەوەکرد: نەوتی بلۆکەکانی گەرمیان جۆرەکەی لە جۆری نەوتی سووکە و ئەمەش بە مانای ئەوە دێتە لە ئاستی جیهاندا نەوتەکەی باشە، چونکە نەوتی قورس نرخەکەی هەرزانترە.
هەڤاڵ ئیبراهیم وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: کۆمپانیاکانی نەوت لە گەرمیان پەیوەندییان بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە هەیە و ئیدارەی گەرمیان تەنیا ئەرکی پاراستن و لایەنی ئەمنی کۆمپانیا و دەزگاکانی سەر بە کێڵگە نەوتییەکان لە ڕێگەی ناحیە و قایمقامیەتەکانەوە چاودێری دەکات.
وتیشی: بەپێی یاسا و جۆری گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئیدارەی گەرمیان پەیوەندی نییە بە ڕیژەی دەرهێنان و داهاتی نەوت و ڕاستەوخۆ وەزارەتی سامان سروشتییەکان خۆیان سەرپەرشتی دەکەن.
یەکەمین بیرە نەوت لە گەرمیان بیرە نەوتی چیا سورخە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1903 و لە ئێستادا چوار بلۆک هەیە و بە تەواوبوونی بلۆکی نەوتی شاکەل دەبێتە پێنج بلۆک نەوت و دەکەونە سنووری هەردوو شارۆچکەی کەلار و کفرییەوە.[1]
#08-03-2019#