سنوری پارێزگای #هەولێر# دەوڵەمەندە بە ژمارەیەک کێڵگەی نەوت کە هەندێکیان پێشنبینی بونی نەوتێکی زۆری یەدەگ دەکرێت و هەندێکیشی نەوتی لێدەردەهێنرێت و کێڵگەکانیش بریتین لە:
1- بلۆکی #تەقتەق#
شارۆچکەی #کۆیە# و شارەدێی تەقتەق دەگرێتەوە و ڕووبەرەکەی 951 کیلۆمەتر دووجایە و بەپێی ڕاپۆرتی سکۆتیا کاپیتاڵ و گەنەڵ ئینەرجی بڕی 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە و تائێستا 10 بیر لێدراوە و بەرهەمی ڕۆژانەی 80000 بەرمیله.
2- بلۆکی سارتا
دەکەوێتە خۆرئاوای ناحیەی مەسیف و خواروی #ئاکرێ# و ڕووبەرەکەی607 کیلۆمەتر دووجایە و بڕی يەک ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە، بیرێکی تێدا لێدراوە.
3- بلۆکی هەولێر دەمیرداغ
شاری هەولێر و دەشتی هەولێر و ڕێگای #مەخموور# و ناحیەی کەڵەک دەگرێتەوە و ڕووبەری 1531 کیلۆمەتر دووجایە و لەدەمیرداغی خۆرئاوای هەولێر دوو بیر لێدراوە و بڕی يەک ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.
4- بلۆکی ئەربیل
دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای هەولێر و ناوچەی بەستۆرەوە و ڕووبەری 313 کیلۆمەتر دووجایە و 3 بیری تێدا لێدراوە و پێشبینی یەدەگی يەک ملیار بەرمیل دەکرێت.
5- بلۆکی خورمەڵە
دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێرەوە، درێژکراوەی کێڵگەی #کەرکووک#ە، کە هەردوو ناوچەی خورمەڵە و ئاڤانەی خورمەڵە دەگرێتەوە و 8 بیر لێدراوە.
6- بلۆکی قوشتەپە
لە قوشتەپەی خوارووی هەولێرەوە دەستپێدەکات تا دوبزو پردێ و ڕوبەرەکەی نزیکەی 1180 کیلۆمەتر دووجایە.
7- بلۆکی مەلا ئۆمەر
دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی هەولێرەوە و ڕووبەرەکەی 285 کیلۆمەتر دووجایە و یەک بیری تێدا لێدراوە و پێشبینی یەدەگی 500 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکرێت.
8- بلۆکی شۆڕش
باکوری خۆرهەڵاتی هەولێر و ناحیەی #دێگەڵە# تا دەربەندی گۆمەسپان دەگرێتەوە و ڕووبەری 526 کیلۆمەتر دووجایە.
9- بلۆکی هەریر
ناحیەی هەریر و باکوری شەقڵاوە تا #سۆران# دەگرێتەوە و ڕووبەری 700 کیلۆمەتر دووجایە.
10- بلۆکی پیرمام
سەنتەری ناحیەی پیرمام و سەری ڕەش و سەربەن دەگرێتەوە و ڕووبەرەکەی 180 کیلۆمەترە.
11- بلۆکی بنەباوێ
لە دەربەندی گۆمەسپانەوە تا ناوچەی هیران و نازەنین دەگرێتەوە و ڕووبەرەکەی 240 کیلۆمەتر دووجایە.
12- بلۆکی سەفین
لەسەر چیای سەفینەوە تا هیزۆپ دەگرێتەوە، ڕووبەری نزیکەی 500 کیلۆمەتر دووجایە.[1]
#12-03-2019#