بەر لە 31 ساڵ و لە 16ی ئاداری 1988دا، ڕژێمی بەعسی عێراق کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بە چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی بێتاوانی #هەڵەبجە# ئەنجام دا. لە لە ئاکامدا زیاتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵ و بەسالاچوو شەهیدبوون و بە هەزارانیش بریندار بوون. بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی یەکێک لە زنجیرە تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ جینۆسیادکردنی کورد لە باشووری کوردستان. هەروەک لە پێشدا بە کیمیابارانی ناوچەکانی بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و قەرەداغ دەستی بە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال بە مەبەستی قڕکردن و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان کردبوو.
هەر لە سەرەتاوە کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتە دەست، دەستی بە کۆمەڵکوژی و توانەوەی گەلی کورد کرد. دواتر کەوتە گیانی کوردانی فەیلی و بەهەزارانیان کوشت و بە دەیان هەزاریشیان دەربەدەرو بێ سەروشوێن کردن. هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، 8 هەزار بارزانیان پێکەوە گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن. لە پرۆسەکانی ئەنفالدا و لە ماوەی چوار ساڵدا لە هەموو باشووری کوردستان هەر #گەرمیان#ەوە تا بادینان زیاتر لە 182 هەزار کەسی بێتاوانیان ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری ئێراق کردو کۆمەڵکوژو زیندەبەچاڵیان کردن. زیاتر لە 4000 دێ و دێهاتی کوردستانیشیان خاپوور کرد.
بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجە کردیان نموونەیەکی هەرە گەورەی تاوانەکانی سەدەی بیستەم بوو. لە ماوەی چەند خولەکێکدا 5000 کەس کۆمەڵکوژکران و هەزارانیش برینەدار بوون. بۆیە هەڵەبجە بوو بە سومبوڵ و زامێکی قووڵ لە جەستەی گەلی کوردستاندا.
گەلی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بۆوە، لێ مخابن ئەو تاوانانە تا ئێستاش لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا وەک جینۆساید نەناسراون. بێگومان هەوڵ و تەقەلای زۆر بۆ ئەو مەبەستە دراوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا ماون و نەبوونە کەیسێکی سیاسی.
با هەرکەسێک ئەو ڕاستییە بزانێ تا ئێستاش هێرشی کۆمەڵکوژیی لە دژی کوردان کۆتایی نەهاتووە. هەتا ئێستاش ئەو هێرشانە بە شێوەی جیاواز لە سەر هەر چوارپارچەی کوردستان بەردەوامن. هەردوێنی بوو لە شەنگاڵ خەڵکی ئێزدی قەلاچۆکران و ژن و کچ و مناڵیی کوردان ڕفێنران و بەهەزاران زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێن کران. سێ ساڵ بەر لە ئێستا تاوانێکی کۆمەڵکوژیی بەرامبەر گەلی جزیرەی بۆتان کرا. ساڵێک لەمەوبەریش هەمان تاوان لە #عەفرین# کرا. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە زۆر ناوچەی تری کوردستان بەردەوامن و کۆمەڵکوژی بەدوای خۆیاندا دێنن. پێویستە بزانین لە 31هەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا هێشتاش کۆمەڵکوژیی لە زۆر شوێنی کوردستان لە ڕۆژەڤدایە. بۆ ئەوەی هەڵەبجەیەکی تر درووست نەبێت پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان پێکەوە ڕێکبکەون و پێکەوە خاوەندارێتی لە هەموو کوردستان بکەن. پێویستە هێزی بەرگری و پاراستنی کوردستان ببنە یەک و بەهێزبکرێن.
ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو شەنگاڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، چارەسەرکردنی برینداران و باشکردنی گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانەو بەجێماوانی ئەنفال و تاوانەکانی تر، ئەرکێکی نەتەوەیی و ویژدانی و ئەخلاقییە. ئەرکێکی دیکەی نەتەوەیی و ویژدانی و ئەخلاقیی ئاوەدانکردنەوەی هەلەبجەو مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ دانیشتوانەکەی. دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستیەکانی خەڵکی ئەو شارە بریندارەیە. پێویستە هەمیشە هەڵەبجەو کارەساتی هەڵەبجە بە چالاکی کۆمەڵایەتی و کلتوری و هونەری و سیاسی بەبیربهێنرێتەوە.
تراژیدیای هەڵەبجە لە ڕووی مرۆڤایەتیەوە بوو بە ناسنامەی قەلاچۆکردنی کوردان. کارەساتی شەنگاڵیش بەهەمانشێوە ناسنامەی ئەو دۆخەیە. هاوتەریبی ئەمانەش بەرگری و بەرخۆدان، بە تایبەتیش بەرخۆدانی کۆبانێ، هاوسەنگەری و پێکەوبوونی هێزی بەرگریی کوردستانیان لە دژی تیرۆریزمی #داعش#یی، ناسنامەی بەرخۆدان و بەرگریی ئافراندووە.
ئەو جەربەزەیی و بەرخۆدانە بەرامبەر تێرۆر و داگیرکاریی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەیە، هەمانکاتیش هێزێکی مەزن بە ئێمە ئەبەخشێ و ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانمان فراوانتر ئەکات.
ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لە یاد ناکەین، هەروەک چۆن دێرسیم، گەلی زیلان، #سەردەشت#، #مەریوان#، عامودا، ئەنفال، کوردانی فەیلی، یارسان، یەزیدی، شەنگال، ڕۆبۆسکی و هەموو کۆمەڵکوژیەکانی تر کە بەدەستی داگیرکەران کراون، لەیاد ناکەین.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی لە کەسایەتی شەهیدانی هەڵبجەو ئەنفالدا، سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، سەری ڕێز بۆ یادی ئەوان دائەنەوێنین.
#15-03-2019#