ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئارەزوومەندانی خوێندن لە چاکسازییەکاندا زیاتر دەبێت، بەڵام ئیدارەی چاکسازییەکان نیگەرانن لەوەی شوێنی خوێندنی زیندانییەکان گونجاو نییە. بەڕێوەبەری چاکسازییەک دەڵێ دەیانجار داوامان کردووە، باڵەخانەمان بۆ دابین بکەن، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان 6 بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی هەن کە خوێندنیان تێدا دەکرێ. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا 338 زیندانی لە گرتووخانەکانی چاکسازی دەخوێنن.
چاکسازی گەورانی #هەولێر# تاکە چاکسازییە لەسەر ئاستی ئێراق کە خوێندنی زانکۆی تێدابێ. زریان عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چاکسازیی گەورانی هەولێر بە (رووداو) ی ڕاگەیاند: ئێمە توانیومانە نموونەیەکی جوانی چاکسازی پیشان بدەین. لەسەر ئاستی ئێراق تاکە چاکسازین زانکۆ و ئامادەیی بە سیستەمی ئاسایی هەبێت، قوتابیمان هەیە لە قۆناغی یەک تاوەکو نۆی بنەڕەتی، لەکاتێکدا لە زۆربەی چاکسازییەکانی دیکە خوێندن بە سیستەمی خێرایە.
لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 تەنیا لە چاکسازی گەورانی هەولێر 163 قوتابی سزادراو لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن هەبوون، 35 یان قوتابی 12ی ئامادەیی بوون کە 10یان دەرچوون بۆ زانۆ، 19 قوتابی لە پۆلی نۆی بنەڕەتی، 16 خوێندکاری زانکۆ و سێ خوێندکاری پەیمانگا.
لەبارەی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی تا ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون، زریان وتی: لە ساڵی 2010 تاوەکو 2019، 43 سزادراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون، بەشێکیان بڕوانامەی زانکۆیان وەرگرتووە.
زۆربەی ئەو قوتابییانە کە ژمارەیان 28 قوتابییە لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی وەرگیراون. مامۆستای زانکۆکان دێنە چاکسازی و وانە بە خوێندکارەکان دەڵێنەوە.
زریان عەزیز هەروەها دەڵێت: زانکۆ و پەیمانگاکان بەپێی توانا مامۆستای بابەتەکانیان بۆ وتنەوەی وانە ناردووەتە چاکسازی. هەندێک قوتابیش بۆ تاقیکردنەوە نێردراون بۆ زانکۆ و پەیمانگا. تەنیا لە ساڵی 2018 لە یەک زانکۆ زیاتر لە 350 جار مامۆستا هێنراوەتە چاکسازییەکەمان.
یەکێک لە سزادراوەکان کە ئێستا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی کۆمەڵناسییە، بە (رووداو) ی ڕاگەیاند: خوێندنی زانکۆ منی گەڕاندەوە نێو کۆمەڵگە. ئەو سزادراوە وتیشی: ئەو تاوانەی لەسەری سزادراوم، ئەگەر ئەوکات لەو قۆناغەی ئێستا بوومایە هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لێنەدەکردەوە.
فاتیمە کەمال، توێژەری پێشکەوتوو و سەرپەرشتیاری قوتابخانەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاستی خوێندن لەنێو چاکسازییەکاندا بە (رووداو) ی گوت: ژمارەی قوتابی و خوێندکار لەنێو چاکسازییەکان زۆر بوون، ئێستا 338 قوتابی و خوێندکارمان هەن کە 325یان پیاون و 13یان ئافرەتن.
لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر 22 قوتابی قۆناغی بنەڕەتی و 6 قوتابی ئامادەیی هەن. لە چاکسازی ژنان و منداڵانی #سلێمانی# 16 قوتابی بنەڕەتی و سێ قوتابی ئامادەیی هەن کە تاقیکردنەوەی دەرەکی دەدەنەوە. لە چاکسازی ژنان و منداڵانی #دهۆک# 14 قوتابی هەن. لە چاکسازی گەورانی سلێمانی 44 قوتابی بنەڕەتی و 20 قوتابی ئامادەیی هەن، لە چاکسازی گەورانی دهۆکیش 48 قوتابی بنەڕەتی و 19 قوتابی ئامادەیی تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکەن.
کێشەی سەرەکی خوێندن لەنێو چاکسازییەکان نەبوونی باڵەخانەیە، ئومێدە محەمەد، بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی بە (رووداو) ی ڕاگەیاند: کێشەی نەبوونی باڵەخانەمان هەیە، ئەوانەی چوونەتە قۆناغی ئامادەیی، بەهۆی نەبوونی باڵەخانەوە تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکەن. دەیانجار داوامان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە باڵەخانەمان بۆ دابین بکەن، بەڵام وەڵامیان نەداوینەوە.
وتیشی: قوتابیمان هەبووە زانکۆی تەواوکردووە و ئێستا ماستەر دەخوێنێ. قوتابیشمان هەبووە لە چاکسازیەکەی ئێمە خوێندوویەتی و ئێستا مامۆستایە لە زانکۆ.
لەبارەی کێشەی باڵەخانەی خوێندن لەنێو چاکسازییەکاندا سەرپەرشتیاری قوتابخانەی چاکسازییەکان دەڵێ: ئەمە کێشەی سەرەکی ئێمەیە، خوێندنی ئامادەیی تەنیا لە چاکسازی گەورانی هەولێر و سلێمانی هەیە، چاکسازی ژنانی دهۆک کێشەی نەبوونی بینای قوتابخانەیان هەیە، بڕیار بوو بۆیان درووستبکرێ و نەخشەکەشیان ئامادەبوو، زەوی بەتاڵیشیان هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە. هەروەها چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر داوای قوتابخانەی ئامادەییان کرد، بەڵام پەروەردە ڕازی نەبوو، چونکە ژمارەی قوتابییەکان زۆر کەم بوو.
لەبارەی ژمارەی مامۆستایانیش کە لەنێو چاکسازییەکان وانە دەڵێنەوە، فاتیمە کەمال دەڵێ: هەموو چاکسازییەکان مامۆستایان بۆ دابینکراوە، ئێستا 92 مامۆستا لەنێو چاکسازییەکاندا وانە دەڵێنەوە کە 65یان لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین و 27 مامۆستاش لەسەر میلاکی #وەزارەتی پەروەردە#ن، چەندین مامۆستای بیانیش، لەوانە مامۆستای هیندی و بەریتانی و مامۆستای زانکۆ تایبەتەکانیش لەنێو چاکسازییەکان وانە دەڵێنەوە.
فاتیمە کەمال دەشڵێ: بیرۆکەی ئەوەمان هەیە کە بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری بکەینەوە، چونکە بەندکراومان هەیە تەمەنی زۆرە و ناکرێ لەگەڵ قوتابییەک داینێین کە تەمەنی بچووکە.[1]
#15-03-2019#