لە سی و یەکەمین ساڵڕۆژی کیمابارانی #هەڵەبجە#دا پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە بەبیر دەهێنینەوە و لە بەرامبەر شەهیدانی هەڵەبجەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی گەلەکەمان دادەنەوێنین.
گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو هیچکات لە خەبات و بەرخۆدان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆی سڵی نەکردووەتەوە، لەبەر ئەوە گەلەکەمان ئاشناییەکی مێژوویی لەگەل خەبات و تێکۆشان، شۆرش و سەرهەڵدان دا هەیە، بە واتایەکی دیکە گەلی کورد گەلێکی خۆڕاگر و بەرخودێرە، لە مێژوودا هەمیشە لە لایەن ئیمپراتۆر و هێز و دەسەڵاتدارانی سەردەستی کوردستانەوە، خاکی کوردستان پارچە کراوە، ئەمرۆشی لەگەڵ بێت بە درێژایی هەزاران ساڵە نیشتیمانی دایک لەژێر چەپۆکی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندایە، بێ گوومان هیچ کاتێک گەلی کورد ئەم باروودۆخە، واتە؛ داگیرکردنی و لەت لەتکردنی نیشتیمانی قبوڵ نەکردووە، پێشەنگانی گەلەکەمان لە هەر قۆناغێکدا بەرنگاری هێزە داگیرکەرەکان بوونەتەوە، بۆ ئازادیی نیشتیمان و ڕزگاری نەتەوەکەمان ڕووبارێک خوێنیان بەخشیووە.
لە سەدەی ڕابردوودا زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی لەژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوەدا شکڵی گرت، دەوڵەت-نەتەوەکان، کە دەرئەنجامی زهنیەتی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتدارێتییە، لە سەدەی ڕابردوودا پێشەنگایەتی هەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیی کرد، ئەنجامی دەوڵەت-نەتەوە دروستکردنی زهنیەتێکی فاشیستی بوو، کە تێیدا هیچ ڕەنگێک، ناسنامەیەک، نەتەوەیەک، چاند و باوەڕییەک جگە لە خۆی ناناسێت و قبوڵی ناکات، ئەو دەوڵەت - نەتەوانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەهەمان زهنیەتی فاشیستی سیاسەتی ئاسن و ئاگریان لە دژی گەلی کورد پەیڕەو کردووە، لە باکور کۆمەڵکوژی #دەرسیم# و گەلیی زیلان و لە باشور کارەساتی ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە، لە ڕۆژهەڵات لە سێدارەدان و تیرۆرکردنی پێشەنگانی گەلی کورد، لە ڕۆژئاوا سیاسەتی تەعریبی گەلی کورد لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە گشتی لە هەموو کوردستاندا دەوڵەتانی داگیرکەر، خاوەن زهنیەتێکی هاوبەشی فاشیستین بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان.
لە ڕاستیدا کیمابارانی هەڵەبجە، تەنها ڕووداوێک نییە بخرێتەڕوو، بە تەنیا ناعەدالەتییەک نییە، کە بە شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنێک کۆتایی بێت، مەرگەساتی هەڵەبجە چیرۆکی جەنگێک نییە، کە ڕاڤە و شرۆڤەی لەسەر بکرێت و لە بیربچێتەوە، کیمیابارانی هەڵەبجە کۆژرانی گەلەکەمانە و هیچکات لەبیر ناکرێت، ڕژێمی بەعسی فاشیست لە سەدەی ڕابردوودا هەر جۆرە سیاسەتێکی وەحشیانەی بۆ بێدەنگ کردن و کۆیلەکردنی گەلەکەمان تاقی کردەوە، ڕژێمی بەعسی داگیرکەر بریاری لەناوبردنی گەلی کوردی دابوو، هەر بۆیە شاڵاوی ئەنفالی بۆ قەتڵ و عام کردنی کوردستان و ڕاگوێزانی گەلی کورد دەستی پێکرد، لە ناو پرۆسەی ئەنفالدا هەڵەبجە لوتکەی ئەو کۆمەڵکوژیەبوو، بەکارهێنانی چەکی کیماوی و کۆمەڵکۆژی لە هەڵەبجەدا سیاسەتی دڕندانەی ڕژێمی داگیرکەری بەعس نیشان دەدات، ئەنفاڵ و هەڵەبجە برینێکی قووڵی سەر جەستەی گەلەکەمانە و ناتوانین تەنیا لە یادی ئەو کارەساتەدا بە مەحکوم کردنێک وەڵامی دوژمنانی گەلی کورد بدەینەوە، ئەوەش لەبیرنەکەین هەڵەبجە لە ئەنجامی پەرتەوازبوونی هێزە کوردیەکاندا مەرگەساتێکی بەم شێوەی لێکەوتەوە، ئەگەر هێزە کوردیەکانی ئەوسای گۆرەپانی سیاسی و لەشکری کوردستان بە ڕۆحی یەکێتی و دڵسۆزییەوە لە دژی سیاسەتی بەعس بووەستانایەوە، بێ گوومان ئێمە ئەمرۆژە برینی هەڵبجەمان ژیان نەدەکرد، ژینۆسایدی شەنگال و ئێزدیەکان و داگیرکاری #عەفرین# کۆمەڵکوژیەکی تر بوون کە دیسان لەبەر نەبوونی یەکێتی نێوان گەلی کورد لە لایەن #داعش# و فاشیسمی تورکەوە بەسەر گەلی کوردا هات، هەر بۆیە دەبێت پێداگریی لەسەر یەکریزی گەلی کورد بکەینەوە و بە زامی هەڵەبجە و شەنگال تێکۆشان بۆ بەدەست هێنانی داخوازیەکانی گەلەکەمان بکەین.
#16-03-2019#