گێرەی زەردە دڕک
زەردە دڕک ڕوەکێکە لە کۆتايی زستان و سەرەتای بەهاردا گەشەی بەرچاو دەکات و ساڵی خۆش و هات و پڕ باران نزيکە بەژنێک باڵا دەکات، لەگەڵ کامڵبوونی دڕکێکی شێوەی گوڵی لێ دەردەچێت و هەنگيش سوود لەشيلەکەی لەسەرەتادا وەردەگرێت و پاش ماوەيەک دڕکەکانی دەبنە ڕم و پارێزگاری تەواو لە پۆڕگ و هەڵالەی دەکەن بەهۆی ئەم دڕکانەوەش ناو دەبرێت بەدڕکە زەردە، ئينجا هەر کە هاوين داهات زيندەوەری وەک(زيزيکە) بەڕەنگی جۆراو جۆرەوە لەسەر ئەم دڕکە زەردە دەست دەکەن بەزيکە زيک و گەرماش تاو دەستێنێت، هەر کە نزيک بويتەوە لە دڕکە زەردەی ئەوا بێ سێ و دوو يەکسەر بەپەنجەی پێ-وە يان دەست ڕادەچێت، زۆريش بەئازاره و هەندێجار کێم و جەراعەت و زووخاو له و شوێنە دروست دەکات کەدڕکەکەی تێڕاچووە، ئينجا کارێک قورس و مايەی ئازار و نيگەرانی بێت دەوترێت پەکو کارێکی چەند قورسە دەڵێی(گێرەی زەردە دڕکە).