نەورۆزی ئەمساڵ بە تێکشکاندنی فاشیزم و گۆشەگیری پیرۆز دەکەین
نەورۆزی ئەمساڵ بە پێشەنگایەتیی بەرخۆدانی لەیلا گۆڤەن، نمونەی قارەمانێتی و ئیرادەی بەهێزی تەڤگەری ئازادی لە پڕاکتیکدا نیشان دا. شکستهێنانی سەربازی بە هێزێکی وەک #داعش#، ئیرادەی پۆڵایین و هێزی لە بن نەهاتوی گەلی کوردی ئازادی بە هەمو جیهان نیشان دا. نەورۆز بەم هێما و دەستکەوتانەوە پیرۆز دەکەین. گەلی ئازادیخوازی ئێمە خەبات بۆ ئازادی و سەربەرزی دەکات، کۆیلەتی و داگیرکاری چیتر پەسەند ناکات. بەم پەیامانەوە بەرەو ساڵی نوێ هەنگاو دەنێینەوە، ئیرادەیەک ساز بووە کە داگیرکەران و کۆنەپەرەستان بە ساڵانە لە حەولی داڕمانیدان و سۆمای چاویان توانای بینینی خۆری ئازادی گەلی ئێمەیان نیە. سەرمایەداری و گەندەڵی کۆنەپەرەست دەمێکە حەولی خۆیان داوە بۆ بە ڵاڕێدابردنی ڕەوتی شۆڕشگێڕی و تێکۆشان لە کوردستان و هاوکات ناهومێدی و تەسلیمیەت مەشروعیەت پێبدەن و نۆرمالیزەی دەکەن. زۆر گرینگە لەم سەردەمەدا، قۆناخەکە باش ئانالیز بکەین و لێی تێبگەین. ئەم سەردەمە سەردەمی داڕشتنەوەی سیستمی نوێیە بۆ مودیریەتی کۆمەڵگا و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلەکەمان کە بە خواستی ئازادی خۆی بگات، هەڵبژاردنی ئازادانە لە بەردەستمان دایە، کۆیلەتی سەدەی پێشو بە فۆڕمی سیاسەتی پێشو و کلاسیک بەردەوام بکەین و یا ژیانێکی ئازاد بە پاڕادایم و نۆرمەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەواتا لە پێشەڕۆژدا دەستنیشان بکەین.
نەورۆز دەستپێکی بەهارە و بەستەڵەکی زستان کۆتایی پێدێت، وەرزێکی نوی دەست پێدەکات، گەرمایی ئاگر دێنێت و ئاگر و گەرمایی نەورۆز هیوا دەبەخشێت، پێویستە ئاگری نەورۆز بکرێتە دوزەخی داگیرکەران و کۆنەپەرەستان و بەکرێگیراوان، نەورۆزی ئەمساڵ، پێویستە ببێتە نەورۆزی بەرخۆدان، نەورۆزی سەرکەوتن. نەورۆزی سەرهەڵدانی کاوەکان بۆ ئازادی و تێکشکاندنی سیستمی حوکمڕانی و دەستەڵاتی فاشیزم و شوونیزم. بۆ ئەم قۆناخەش پێویستە فیداکاری و ورەی شۆڕشگێڕی بگاتە لوتکە و لە هەمو جبهەکان پاشەکشە بە داگیرکاری و کۆنەپەرەستی بهێنرێت.
گەلی ئێمە بە تێگەییشتن لەم هەلە حەساسەی مێژویی، سەرەڕای هەمو کۆسپێک ڕێگای خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی هەڵدەبژێرێت، و ئەوەش گرینگە کە گەلی کورد بە یەکگرتویی بە پێشوازی ژیانێکی ئازاد هەنگاو هەڵێنێتەوە و خۆی لە زێهنیەتی کۆیلەتی ڕزگار بکات. داگیرکەرانی کوردستان و کۆیلەکانی، هەمو تەرفەندەکانی فریودان و ترساندن بە کار دەهێنن بە دژی کۆمەڵگا بۆ ترساندن و تۆقاندن و بە لاڕێدا بردنی گەل، بەڵام ڕەوتەکەی ئەم سەردەمە جیاوازە و کەسایەتیەکان و سیاسەتیش جیاواز، سەردەمی تەک نەتەوە و تەک ئاڵا و تەک وڵات بەسەر هاتوە و گەلانی ئازادیخواز ئەم شێوازە تێکدەشکێنن، بۆیە سەرکەوتن بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران و گەلی ئێمەیە. پێویستە هەمو کوردێکی ئازادە ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت و ئیتر داگیرکاری نیشتمانەکەی قبوڵ نەکات و ببێتە بەشێک لە تێکۆشانی هەدەفمەند.
جێژنی نەورۆز لە شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان و هەمو خەباتکاران و ئازادیخوازان پیرۆز دەکەین و بەڵێن نوێ دەکەینەوە نەورۆز بکەینە هەوێنی سەرهەڵدان و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی لە کوردستان و ژیانێکی بە ڕومەت و لایقی گەلەکەمان لە کوردستان.
هاوسەرۆکایەتی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان(#پژاک#)
#18-03-2019#