"هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا: 31ی ئازاری 2019" نوێترین لێکۆڵینەوەی شیکاری ژوری تویژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئامادەکردن و نوسینی " گەیلان عەباس – ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی"ه.
بڕیارە ڕۆژی 31ی ئازاری 2019 نۆزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا ئەنجام دەدرێت. ئەم خاڵەش سیماو تایبەتمەندییەکی جیاوازی بەم هەڵبژاردنە بەخشیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنە شارەوانیەکانی تورکیا لە خولەکانی ڕابردودا.
هەڵبژاردنە شارەوانی و خۆجێیەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا 12 پارتی سیاسی و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆکی گەورە شارەوانیەکان، شارەوانی شارەکان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان و بەرپرس و موختاری ناوچەکان لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیادا.