لە پەندەکانی شێخ محەمەدی خاڵ، مامۆستا بەکر کانی هەمزەیی کردویەتی بە هۆنراوە.[1]
قەت نەتبیستوە بەیەکێکی زلەو زۆر قەڵەو بڵێن ئەڵێی مانگای مالوانی؟؟
ئاخۆ دەبێ مانگای مالوان چی بێت؟
مالوان گوندێکە لەناحیەی وارماوا، دەکەوێتە قەزای شارەزوو، سەربە پارێزگای سلێمانی.
لەشارەزوودا سێ گوند هەن، هەمان ناوییان هەیە (مالوانی حەمە عزیز، مالوانی ڕەشیدی کەریم قوباد، مالوانی ڕەشیدی ڕەمەزان). هەر یەکەیان بەناوی کەسێکەوە ناویان لێنراوە.
دەشتی مالوان، دەشتێکی بەپیت و پڕبەرهەمە، مەرەزەی مالوان بەناونگە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە، مەڕ ماڵات ومانگایەکی باشی هەیە، چونکە لەو دەشتە پان وپۆڕەی شارەزوور، مەڕو ماڵات باش دەلەوەڕێ و زوو گەشە دەکات. بەهۆی ئەوەی وێنجە وسێپەڕە و گژوگیایەکی باشی لێیە و بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ خاکێکی زۆرباش و گونجاوە.
مانگای مالوان، ئەوکات بەیەکێک لەمانگا هەرەباشەکانی ئەو کاتەی کوردستان و عێراق ئەژماردەکرا. بەهۆی ئەوەی کە مانگایەکی گۆشتن وزل و پڕ گوان شیر بوو وشیرێکی باش و ماستێکی باشی لێبەرهەم ئەهات.
خێرایی زیادکردنی کێشی و جۆڕی ڕەنگ و پێستەکەی، بۆ ئەو کات چەشنی مانگای فرێزی هوڵەندی بەناوبانگ بوو و لەڕووی جۆری شیرەمەنی و گۆشتەکەیەوە.
هەمیشە کەتێر دەبوو پاڵدەکەتوو و کەمێ گێژ دەبوو، زوو خۆی دەلێسایەوە و تاقەتی ڕۆیشتنی نەدەبوو. بەپاڵ و لێدانیش هەڵنەدەستا و نەئەڕۆیشت.ئیتر ئەو گوزارەیە لە تەمەڵی و گەلۆری مانگای دەشتی مالوانەوە وەرگیراوە. کە دەڵێن ئەڵێی مانگای مەلوانی.
واتای ئیدیۆمەکە..
بۆ کەسێکی تەمەڵ وتەوەزەل و کارنەکەر بەکاردەبرێ، بۆ کەسێ تاقەتی هیچ ئیشوکارێکی ئەوتۆی نەبێت، یان کەسێکی قەڵەو قەبە وزل کە لەشولارێکی قورسی هەبێت و هەر دانیشێت و ڕقی لەئیش بێت.
یان زۆرجار ئیدیۆمەکە وەک جنێو و پلار دەوەشێنرێ.
داناز عەبدولرەحمن [2]