یادی
تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و زیندانی سیاسی غەنی بلوریان
1924 2011/3/9
ئەوانەی لە مەهاباد دەژیان ئاپۆڕای پێشوازی کردنی
مامۆستا غەنی بلوریان یان بینی چۆن بەرەو پێشوازی
کردن خەڵکی لە سەرتاسەری کوردستان بەشدار بوون.
خەڵکی وەفادار بۆ سیاسەتمەداران هاواریان دەکرد
مامە غەنی هاتەوە یاخودا بەخێر بێتەوە
هەر لەوکاتەش بۆ خۆشەویستی نازناوی مامە بووە نازناوی و بووە مامە غەنی.
هێندە خۆشەویستی خەڵک بوو، لە هەڵبژاردنی ساڵی 1980 بۆ مەجلیسی شورای میللی نزیکەی 90% دەنگەکانی لە مەهاباد وەرگرت.
بەر لەوەی زیندانی بکرێت لەگەڵ هاوژینی [دایە مەرزە] هاوسەری دەکات و لە زیندان دەبێت کە دوو کارمامزەکەی [نەشمیل و هیرۆ] لە دایک دەبن و هەر خۆی ئەو دوو ناوەی بۆ [دووانە چمک ]کچەکانی هەڵبژارد و هەتا ئازادبوونی لە زیندان بێبەش بوون لە نازی باوکیان.
لە نیسانی 1987 لە چیکوسلوڤاکیا کۆنگرەی 19 ی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕوپا مان بەست و چەند ڕۆژێک کۆنگرە خەریکی کارەکانی بوو. لەو کۆنگرەیە داوامان لە مامە غەنی کرد قسەمان بۆ بکات و بە چاوی فرمێسکەوە باسی هێمنی شاعیری بۆ کردین لەگەڵ باسی سیاسی و زیندانی و گەلێک باسی تر.
پاش ئەوەی کۆنگرەی چواری حزبی دیموکرات لێکترازانی لێ دروست بوو مامە غەنی و هاوڕێ یەکانی دژی پەیوەندی بوون لەگەڵ ڕژێمی بەعسی عێراقی ئیتر
پەیرەوانی کۆنگرەی چوار ڕاگەیاندنیکیان بڵاوکردەوە هەندێک کاتیش بەناوی گروپی حەوت نەفەری ناوبانگیان هەبوو
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئه و بڵاوکراوەیە 28 لاپەڕەیە کە ڕۆژی 25 جۆزەردانی 1359 [1980] لەلایەن فەوزیە قازی و هێمنی شاعیر و غەنی بلووریان و ڕەحیمی قازی و فاروقی کەیخوسرەوی و نەویدی موعینی و ئەحمەدی عەزیزی ئیمزاکراوە و بڵاوکرایەوە.
هەردوو بەرێزان کاک حەمەدەمینی سیراجی و فاروقی کەیخوسرەوی دەورێکی سەرەکیان بینیووە بۆ هێنانی مامەغەنی بۆ ڕیزی پەیرەوانی کۆنگرەی چوارەم.
لە سەردەمی دەستپێکردنی کۆمەڵەی ژ.ک و سەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان مەهاباد و بەشداری لە شانۆگەری دایکی نیشتمان و دەرکردنی گۆڤاری ڕێگا و زیندووکردنەوەی حیزبی دیموکرات و پاشان بوونە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی تودەی ئێران و گەلێک تێکۆشان و خەباتی تر هەمووی لەو دوو کتێبەدا تۆمارکراوە کە مامەغەنی بووە بە خاوەنی.
مامە غەنی مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ کوردیەکی خۆشی مەهابادی تێکەڵاو بە ووشەی فارسی یا بە قەولی خۆی عەجەمی قسەی دەکرد و
خۆشەویستی بۆ حزبی شیوعی عێراق و کاک عەزیز محەمەد گەلێک زۆر بوو.
یادگاری خۆشم لەگەڵ ئەو تێکۆشەرە بەناوبانگە زۆرە و شانازی بە ناسینی دەکەم.
دڵە گەورەکەی لە ئەڵمانیا لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە هاوڕێ یانی کرد.
بۆمن شانازی یە کە گۆڕە پیرۆزەکەی لە هەولێرە خۆشەویستەکەمە.
روحی شادە و یادی زیندووە تێکۆشەر غەنی بلوریان
فەهد گردەوانی 11/5/2019ستۆکهۆڵم