وارد بەدر ئەلسالم
وەرگێڕانی: #زانیار عەلی# [1]
بۆ مریەمی ژیکەڵانەم؛
• لەبەر تۆیە ساڵانێکە سەرم لە گۆماوی یادگەمدا نغرۆبووە و، نیازمە ڕۆمانە تەواونەکراوەکەم بەکۆتا بێنم و ناوی لێبنێم (ئەوینی مریەم) !
• ئەوێ ڕۆژێ سەرم نایە کۆشی لاپەڕەکانی ڕۆمانەکەوە و، فرمێسکی خوێنین لە چاوانم جۆگەلەی بەست!
• مێژووی ژیانی من لە تۆوە دەستی پێ کرد.
• لە چاڵی جەنگ و کوشتار دەربازبووم و، کەوتمە هەڵدێری چاوە ڕەشە بریسکەدارەکانتەوە!
• کاغەزی پڕ لە پەیڤم فڕێدایە تەنەکەی خۆڵەوە و، ئەو ڕۆژەی وێکڕا ڕووبارەکەمان بڕی، لێم بزربوون.
• لەنێو پەیڤە نووسراوەکانم؛ شەوێکی ئەنگوستەچاو و،
هەراوزەنایەکی گوێکەڕکەر و،
تەرم و لاشەی مردووان و،
هاواری خنکاوانم دەبیست و دەبینی!
پاژێک لە ڕۆمانی (کۆماری مریەم)