ساڵنامەی کوردی، ئایا ئەمساڵ 2719 یان ساڵی 2631ی کوردییە؟!
د. دڵشاد زاموا
لە بارەی بەکارهێنانی ساڵی 700پ.ز. وەک سەرەتای ساڵنامەی کوردی کە بە بۆچوونی هەندێک وەک ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد دادەندرێت، لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر بنەمایەکی دروست دانەندراوە!. وەک شوێنەوارناسێک ساڵی 700پ.ز. بە ساڵێکی دروست نازانم بۆ دانانی ساڵی کوردی، لەبارێکدا ئەگەر دانانی ساڵی کوردی هەر پێویستیش نییە، چونکە هەموو گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەو هەمووە پێشکەوتوون وقەوارەی خۆشیان هەیە، بەڵام تەنها ساڵنامەی زاینی بەکاردەهێنن. لەبەر ئەوە دانانی ساڵی کوردی لەگەڵ ئەوەی لە هیچ کۆڕبەندێکی مێژوونووسان و شوێنەوارناسانەوە جێگیرنەکراوە و بنەمایەکی مێژووییشی نییە.
یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی ساڵنامەی کوردی دەبێتەوە ئەوەیە کە بەبێ هیچ کۆدەنگییەکی مێژوونووسان و شوێنەوارناسان لێرەولەوێ هەندێک نووسەر و ڕۆشنبیر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەکاریان هێناوە، ئەگەر بڕوانینە ڕۆژنامەی کوردستانی کۆماری #مەهاباد#یش دەبینین ئەم ساڵنامەیە بەکارنەهێندراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی لەو ڕۆژنامەیەدا کاریانکردووە زۆر بە هەستێکی مێژوویی و نەتەوەیی و زمانەوانی کوردی ڕەسەنەوە دەیانووسی ئەمە جگە لەوەی کە میدییەکان نزیکەی 150 ساڵ پێش ساڵی 700پ.ز. لەناوچەکەدا خاوەن شار و هەرێم و ناوچەی ژێر فەرمانڕەوای خۆیان بوون و ناوی ماد لە سەرچاوە مێخییەکاندا 143 ساڵ پێش ساڵی 700پ.ز. هاتوە.
لەو کاتەدا میدییەکان لە خوار ناوچەی موکریان لە ناوچەکانی #سنە#و #کرماشان# و هەمەدان هەتا خوراسان بڵاوبووبوونەوە، لە تۆمارە مێخییەکاندا ناوی چەندین شار و شانشین و میری میدییەکان لە پێش 700پ.ز.دا هاتووە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەبەردەستدا نییە کە ساڵی 700پ.ز. دەوڵەتی میدیا دامەزرابێت، تەنانەت هیرۆدۆتس کە تاکە سەرچاوەیە باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی میدیا دەکات لەلایەن دیاکۆ وە، ئاماژەی بە هیچ ساڵێک نەکردووە. تەنانەت لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا و تا ئێستاش لەلایەن هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کوردستانەوە هەر ساڵی 612پ.ز. بە گونجاوتر زاندراوە بۆ دەستپێکی ساڵی کوردی، چونکە لەم ساڵەدا ڕووداوێکی گرنگ ڕوویداوە و تۆمارە مێژووییەکانیش لەکاتی خۆیدا تۆماریان کردووە ئەویش ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەتی ئاشورییە لەلایەن کەیخوسرەوی پاشای میدیاوە لە ساڵی 612پ.ز.، هەرچەندە دانانی هەرکام لەو بەروارانە لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەییەوە خاڵێکی نەرێنییە، چونکە کورد وەک نەتەوە بە تەنها نەوەی میدییەکان نییە و چەندین گەل و هۆزی خاوەن شارستانییەتتر و ڕەسەنتری زاگرۆس بە درێژایی دوو هەزارساڵ لەپێش میدییەکانەوە دەوڵەت و شارستانییەتیان لە کوردستان برەوپێداوە، میدییەکان و ئەو گەلە کۆنانەی تر وەک سوباری، خورری، گوتی، لوللوبی، میتانی، ماننایی، ئورارتویی، میدی و کاردۆخی هەموو پێکەوە باپیرانی کورد پێک دەهێنن. پێویستە لە داهاتوودا کۆڕبەندێک لەم بارەیەوە بکرێت، هەرچەندە لێرەوە دەزانم کەسانێک لەم نیشتیمانەدا خۆیان بە پسپۆڕی مێژووی کۆن دادەنێنن و لەکاتێکدا زانیارییەکانیان تا نیوەی مێژووی ساسانییەکان بڕناکات بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئەم ساڵە جێگیربکەن و وەک بۆچوونی ڕەهای خۆیانی نیشان بدەن، لە داهاتوودا وەک شوێنەوارناسێک هەوڵێک دەدەم کە بە هاوکاری پسپۆڕان دوور لە عاتیفەی نەتەوەیی و جەماوەری ئەم بابەتە لە کۆڕبەندێکی زانستیدا گفتوگۆیەکی زانستی لەبارەوە بکرێت، و ئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک بەڕوونی بخرێتەڕوو. چونکە مێژووی کۆن، جگە لە دەستنووس و تۆمارە کۆنەکان، وا لە ژێر زەوی ئەم نیشتیمانەدا لە ناوچە شوێنەوارییەکاندا بە جێماون، دەبێت بەڵگە ڕاستەقینەکان بدۆزینەوە، نەک بە سۆز و هەستی نەتەوایەتی ژمارەی جوان بۆ دانانی ساڵنامە هەڵببژێرین.[1]