نووسینی: عیرفان عەزیز عەزیز
2015
ئەم کتێبە کۆی تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراقە لە مەودای نێوان دروستبوونی حکوومەتی عێراق تا دەگاتە ئێستا، بە جۆرێک سەرجەم ڕووداوەکان لە واقیعی ئێستای عێراقەوە دوور نین و سەرجەم زانیاریەکان لەگەڵ نووسینەوەی کتێبەکە تۆمار کراون. بەشێکی زۆری ئەم بەرهەمە لە ڕێگای وتاری ڕۆژنامەنووسیمەوە لە ڕۆژنامەی خەباتدا بڵاو کراوەتەوە، بڵاوکردنەوەکەشی هاوکات بووە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی لە عێراق ڕوویان داوە و نەبڕوانەتەوە، بەتایبەتی بابەتی سەرەکیی گرفتی هاووڵاتیانە لە سەر نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و ناڵاندنیان بە دەست نەبوونی و باری خراپی دارایی و بە هەدەردانی سامانەکەیانەوە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەو بارودۆخە خراپەی عێراق بۆتە هۆی شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسی بێ تاوان، دواتر باس لە بارودۆخی خراپی سیاسیی عێراق دەکات، کە تا ئێستا لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە نەیانتوانیوە بۆ چەند ساڵێکیش ئۆقرەیی سیاسی بە خۆیانەوە ببینن، لە کاتێکدا ئەو مێژووە کراوەتە دوو بەشەوە بۆ ئەوەی خوێنەر چەمکەکانی لێ تێک نەچێت، کراوەتە چەند بەشێک: بەشی یەکەم عێراق لە ڕووی سیاسیەوە لە دوای 1921ەوە و بەشی دووەم لە دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە.
لە بەشی یەکەمدا سیاسەتی سەرەتایی دروستبوونی عێراق و مێژووی کارکردنی ڕێکخراوە سیاسیەکان لە وڵات و سەرجەم کۆدەتاکان لە وڵات باس کراوە. دواتر ئەو کێشانەی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان ڕووی داوە، وەک کێشە و ململانێکانی سوننە و شیعە و کورد، کە دواجار عێراقیەکان تێیدا زەرەرمەندی یەکەمن.
خاڵی دواتر کارکردنە بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن، کە لە ڕابردوودا هەوڵی زۆریان بۆ دراوە، پاشان بە تێروتەسەلی باسی مێژووی عێراق کراوە لە نێوان ساڵی 1954 تا ساڵی 1991 و، بە وردی گۆڕانکاریەکان خراونەتە ڕوو و ئاماژە بە دەرئەنجامەکانیش کراوە، لە کاتێکدا سەرجەمیان بەشێوەی قۆناغبەندی باسیان لێوەکراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە شۆڕشی 14ی گەلاوێژی 1958ەوە هەبووە و، دواتر لادانی دەسەڵاتەکانی ئەو کاتەی شۆڕش و هاتنە سەر تەختی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف، عەبدولسەلام عارف، سەدام حسێن کە بە وردی باس لە دەسەڵات و گۆڕانکاریەکانیان کراوە لە ناوەندە سیاسیەکاندا، دواتر باسی مێژووی دوای 2003 و نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسێن کراوە، کە چۆن لە 2004 دا لە دوای دەیان ساڵ هەڵبژاردنی گشتی کرا.