- بارودۆخ وڕەوشی #کەرکووک# گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک، ئێستا هەرەشە لە سەر خاک وخەڵکەکەی دروست بووە، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵە ونادوربینی سیاسەتەکانی یەکێتی وپارتی وبێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر بەرانبەر کەرکووک وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان هاتووەتە ئاراوە.
دوای ڕیفراندۆم و 16/ئۆکتۆبەر/2017 سیاسەتی تەعریب وپەراوێزخستنی کورد لە کەرکووک وخورماتو وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە، بە داخەوە دوای هەوڵێکی زۆرمان لە گەڵ خانەی ڕاپەڕاندن لە کاتی خۆیدا، ئامادە نەبون لە سەر 16/ ئۆکتۆبەربەیاننامەیەک دەربکەن.
- لە سەرو بەندی ڕێکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و#پارتی دیموکراتی کوردستان# بۆ دروستکردنی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پێشنیار وئیلحاحی زۆرمان لە سەر هەردو ئاستی جڤاتی نیشتیمانی وخانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گٶڕان هیچ پشک وئەجێندایەکی ئەوتۆی بۆ کەرکووک وخورماتو وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکانی تیا نەبو.
- ئێمە پێمان وایە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دەستی ئەم سەرکردایەتیە لە ڕاستە ڕێگاکەی خۆی لای داوە، کە لە پێناویدا دامەزرا (کارکردن لە پێناو هێنانەکایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ودژایەتیکردنی گەندەڵی وپیادەکردنی سیاسەتێکی کوردستانی بەرانبەر کەرکووک وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان وهێنانەکایەی سیستەمێکی پارلەمانی، لایەنی کەم هاوشێوەی بەغدا ودورکەوتنەوە لە سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵەیی)، وە چاوەروان دەکەین بزوتنەوەکە بەرەو هەڵدێری گەورەتر بەرن.
دوای بێ هیوابونمان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارمان دا دەست لە کاربکێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرک و کاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ هێنانە دی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێ بووە وئاماژەمان پێ کرد، بە تایبەتی سیاسەتێکی کوردی وکوردستانی بۆ کەرکووک وناوچە کوردستانیە دایڕێندراوەکان.
مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی
ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی وڕێکخەری ژوری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان.
عبدالرحمن عبدوللە (ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی
عبدوللە حەبیب - لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان
#16-05-2019#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!