لە دوای ئەو بارودۆخە ئەمنی و سەربازیەی پاش ئۆکتۆبەری 16 ی 2017 بە درێژایی سنورەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دروست بووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ستەم و سەرکوت و ملهوڕی دژ بە کوردستانیانی سڤیل بە گشتی و جوتیاران و گوندنشینەکان دەچیتە ئاستی مەترسیدارتر.
حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنیەکانی لەو ناوچانە هەن دەبێ هۆکارێک بن بۆ سەقامگیری لەو ناوچانە، نەک بوونی ئەوان بەهانەیەک بێت بۆ هاوڵاتیانی عەرەب و تورکمان لەو ناوچانە بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر ستەم و کوشتن و تاڵان کردن و دروست کردنی بارودۆخێک کە کۆچی زۆر ملێ ببێتە تاقە ڕێگا لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو جۆرە پێکهاتەکانیەوە.
ئاشکرایە لەم دۆخە ناهەموارەدا هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەرپرسیارن لەوەی: کە ئەم کێشەو دۆخە مەترسیدارە یەکێک بێت لەو دۆسیانەی کە نابێ نە چاپۆشی لێبکرێ و نە دواخرێ لە گفتوگۆکانیان و زۆریش پێویستە کە دەسبەجێ دانیشتن بکرێت لەسەر ئەم پرسە، چونکە چەندین هاوڵاتی کورد تیرۆر کران، چەندین گوندی کوردستانیی لە ژێر زەبری تیرۆرو ئیرهابی کوشتن بە زۆر چۆڵکرا، بە هەزارها دۆنم لە سامانی کشتوکاڵی جوتیارانی کوردستانیان دروێنەکراو تاڵان کراو یان سوتێنرا، ئەمە بارودۆخی گشتی ناوچە جێناکۆکەکانە بە گشتی و بە تایبەتی مەخمورو و دەشتی قەراج و #کەرکووک# و خەنەقین و دەروبەری.
ئێمە ئەو حیزبانەی لە خوارەوە ئیمزامان کردووە پێمان وایە ئەم داواکاریانەی خوارەوە وەکو چارەسەری دەسبەجێ دەکرێ بکرێتە ئەجیندای بەرگرتن بە تەشەنەو فراوابوونی ئەم ستەمە :-
1- کارا کردنەوەی هەموو ئەو لیژنەو دام دەزگا یاسایی وپەرلەمانی و حکومیانەی کە ئەرکیان جێبەجێکردنی مادەی 140بوو، بە میکانیزمێکی تازەو خێراو دەسبەجێ.
2- گەڕانەوەی بێ مەرجی هەموو کوردستانیانی گوندە تازە چۆڵپێکراوەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان. دابین کردنی ئاسایش و ئارامی و ئاشتی بۆ ژیان و پیشەکانیان، کە ئەمەش پاراستنی زەوی و زارو سامانی کشتوکالیش دەگرێتەوە.
3- قەرەبوو کردنەوەی هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە ماڵەکانیان سوتێنراوە یان ڕوخێنراوەو ئاسانکاری و پاڵپشتی دارایی حکومەتی فیدرال بۆ ئەوەی ماڵەکانیان بنیات بنێنەوە. قەربوو کردنەوەی هەموو ئەو سامانە کشتوکاڵیانەی کە تاڵان کراوە یان سوتێنراوە.
4- بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە بەر لە ساڵی 2017 هۆکارێکی سەقامگیری و ئاشتی بوو بۆ هەموو پێکهاتەکان، گەڕانەوەی ئەم هێزانە بۆ ئەم ناوچانە و هەمئاهەنگی لەگەڵ هێزە فەرمیەکانی حکومەتی فیدرال تا گەیشتن بە قۆناغی جێبەجێکردنی مادەی 140 دەتوانێ یەکێک بێت لە پایەکانی سەقامگیری ئاشتی و پێکەوە ژیان.
5- هیچ لایەن و ناوەندێک بۆی نەبێت لە دەرەوەی لیژنەو پڕۆسەو بە ئاکام گەیاندنی مادەی 140 ووتوووێژ لەسەر داوای هاوڵاتیە عەرەبە هاوردەکان بکات بە گشتی و بە تایبەتی ئەم شەپۆڵە تازەی تەعریب کردن و تاڵان کردنەی دەگوزەرێت، کە تەنها قابیلی ڕەت کردنەوەیەو ناکرێ سازشی لەسەر بکرێت.
- حیزبی شیوعی کوردستان
- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
- بزوتنەوەی دیموکراتی گه لي کوردستان
#20-05-2019#