عومەر مەعروف بەرزنجی
ئەم چەند لاپەڕە دوور و نزیکەی لەم کتێبەدا دەبینرێن و پیکەوە گرێدراون، نووسینیان دەگەرێتەوە بۆ ماوەیەکی سنووردار (1995 - 2004) زۆریشیان زادەی ڕەخساوی ڕۆژگارێکی تایبەتن، لە سەرەتاوە تا بنەتای لەسەر یەک بۆنەو بابەتی تایبەت و ناونیشانیکی دیاریکراو نەگیرساونەتەوە. کتێبەکە ڕستێک وردەکارییەکانی مێژووی ئەدەب و گەشەو هەڵکشانی ڕەوتی ڕوناکبیری و ئاواڵە کردنی لاپەرەکانی ڕۆژنامەنووسی و فرمێسک و هەژانی یادی ئازیزان و سەربوردی مێژوویی و بەسەرکردنەوەی ڕووە باڵاکانی ئەدەب و ڕێبوارانی هەورازی خەبات و ژیانی لەخۆگرتووە باسەکان و شێوازی دەربڕینیان بەمەبەستی ڕۆچوون و قوڵبوونەوەو لێکۆڵینەوەیەکی مەودا فراوان نەنوسراون، زۆربەیان نەفەسیان کورت و چڕ و بروسکە ئاسایین، دیارە هۆی بنەڕەتی دەگەرێتەوە بۆ ئەو بەربەست و سنوورەی کە بەشیکی زۆریان بەناوی (بەڵگەی زیندوو) بۆ گۆشەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) نووسراون. بەڵام چێژ و مەبەست و تایبەتمەندی و کرۆکی باسەکان بە یەکتر نامۆنین و، ڕایەڵەکانیان لێک نەترازاون، سەرئەنجامیش ئەم لەپەڕانە دەبنە بەشێکی تۆماری ڕەوتی مێژووی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسی کوردی.
لەلایەکی تریشەوە نووسینەکان پەرش و بڵاوبوون، جگە لە گۆشەی بەڵگەی زیندوو ئەوانی تر هەریەکەیان لە شوێنێک گیرساونەتەوو، هەندێکیشیان بەبێ ناو بڵاوبوونەتەوە، بەڵام چێژ و تازەیی خۆیان لەدەستنەداوەو بژار و چاپکردنەوەیانم لە کتێبی سەربەخۆدا بە کارێکی دروست زانی.